ئەمریکا لەسەر زۆری قوربانی سڤیل لە غەززە رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت کە قوربانی مرۆیی لە غەززە بەهۆی بۆردومانەکانەوە روو لە زیادبوونە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە خەڵکی سڤیل دەپارێزێت. 

ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، هاوتا بەریتانییەکەی، لە واشنتن وتی، "دوای هەفتەیەک لە کەمپینی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری غەززە گرنگە کە ئیسرائیل ئەوپەڕی گرنگی بدات بە پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل."

بلینکن وتیشی، "بۆشاییەکی دیار هەیە لەنێوان نیازی پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل و ئەو ئەنجامە راستەقینانەی لە مەیدانی جەنگدا دەیبینین."

هاوکات رۆژی پێنجشەممەش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و جەختی لە "پێویستییەکی جدی" کردوە بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل و جیاکردنەوەی دانیشتوانی مەدەنی لە چەکدارانی حەماس.

ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەوە پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕیووە بەڵام بەهۆی قوربانییەکی زۆری خەڵکی سڤیلەوە لە جەنگەکەدا، بەمدواییانە چەندین جار ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لە پاراستنی خەڵکی سڤیل.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 17 هەزار فەڵەستینی کوژراون و 46 هەزار کەسی تریش برینداربوون بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار