نوێترین ئاماری قوربانیانی شەڕ لەغەززە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، تادێت هەڵدەكشێت، بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی غەززە، ژمارەی کوژراو و برینداران لە ٦٤ هەزار کەس نزیک دەبێتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەپێی نوێترین ئاماری تۆمارکراو، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، گەیشتە ١٧ هەزار و ٤٨٧ کەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە وتیشی: ژمارەی بریندارانی کەرتی غەززە بۆ ٤٦ هەزار و ٤٨٠ کەس بەرز بووەتەوە، کە بەشی زۆریان برینەکانیان سەختە و بەهۆی نەبوونی شوێن لە نەخۆشخانەکان و کەمیی پێداویستی پزیشکی، لە ڕەوشێکی خراپدان.
ئەشرەف قودرە ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی کوژراو و برینداران ژن و منداڵن، کە ڕێژەی ٧٠٪ی کۆی قوربانییەکان پێکدەهێنن.
سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی مرۆیی نێوانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە لە باکوور و باشووری ئەو شارە چڕتر و فراوانتر کردووەتەوە، بە تایبەتی شاری خان یوونس کە بە هۆیەوە هەزاران کەس لە دانیشتووانەکەی بەرەو شاری ڕەفەح هەڵاتوون.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار