بەریتانیا چەند بەرپرسێكی ئێران دەخاتە لیستی گەمارۆكانەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، بەریتانیا و ئەمریكا و كەنەدا دەیان بەرپرسی پێشێلكاری مافی مرۆڤیان لەجیهان دەخەنە لیستی سزاكانیانەوە، بەشێك لەو بەرپرسانەش ئێرانین.
بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كە رۆژی هەینی هەشتی كانوونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، پێنج بەرپرسی ئەمنیی و دادوەری ئێران لە لیستی گەمارۆكانی بەریتانیادان.
بەریتانیا هەریەك لە ( عەلی ساڵەحی دادوەری گشتی و ئینقلابی تاران، عەلیرەزا ئەدیانی، بەرپرسی رێكخراوی بیروباوەڕی سیاسی هێزەكانی پۆلیس، مەسعوود دروستی، بەڕێوەبەر و ئەندامی بەڕێوەبەری مێترۆی تاران، عەلی ئەكبەر جاویدان فەرماندە پۆلیسی هورموزگان، حەسەن مەفخەمی شارستانی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای مازەندەرانی خستۆتە لیستی گەمارۆكانەوە).
ئەم كەسانە بەوتەی بەریتانیا بەشێوەی بەرچاو پێشێلكاری مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینیان ئەنجامداوە و دەستیان بووە لە سەركوتی خۆپیشاندەران و هەروەها دژی ژنان و مافەكانیان وەستاونەتەوە.
لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی ژینا لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ ەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەزاران كەسیان دەستبەسەر كرد و ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان لە سێدارە دا.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوەكەیدا هەروەها نووسیویەتی: هەركام لەم كەسانەی كەوتوونەتە لیستی گەمارۆكانەوە، لە ئەگەری بوونی هەر سەرمایەیەك لە بەریتانیا و كەنەدا و ئەمریكا، دەست بەسەر سەرمایەكەیاندا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە بۆ هیچكام لەم وڵاتانە سەفەر بكەن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار