ئیسرائیل سوپاسی ئەمریکا دەکات بۆ بەکارهێنانی ڤیتۆ لەسەر ئاگربەست
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی ئەمریکا وەک تاکە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکدا بۆ ئاگربەست، ئیسرائیل سوپاسی وڵاتەکەی کرد و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند پاڵپشتی ئەمریکا حەماس لەناو دەبات.
رۆژی هەیینی پرۆژەیاساکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا و لە ئەنجومەنەکەدا دەنگی لەسەر درا کە تێیدا 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا لەکۆی دەنگی 15 ئەندام، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا پرۆژەیاساکە تێنەپەڕی. پێنج ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنەکەدا هەن کە دەتوانن هەر پرۆژەیاسایەک رەتبکەنەوە ئەوانیش، ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و روسیا. لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بەریتانیاش خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت.
نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنەکە هۆکاری رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پرۆژەیاساکە "ناهاوسەنگ" و ناواقعییە، هەروەها رەخنەشی لە پرۆژەیاساکە گرت چونکە ئاماژەی بە ئیدانەکردنی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نەداوە کە لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا.
دوای ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاساکەدا، ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سوپاسی ئەمریکا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی لە بەردەوامیدان بە جەنگ چونکە رێخۆشدەکات بۆ "گەڕانەوەی زیاتری بارمتەکان و لەناوبردنی حەماس."
هاوکات دەسەڵاتی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا رایگەیاند، ڤیتۆکەی ئەمریکا مایەی "پەشیمانی"یە و "ژیانی ملیۆنەها فەڵەستینی لەسەر پەتێک بەندە، ژیانی هەموویان پیرۆزە و شایەنی رزگارکردنە."
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 17 هەزار کەس کوژراون و زیاد لە 40 هەزار کەسی تریش لە کەرتی غەززە برینداربوون لەماوەی دوو مانگی جەنگدا.