حزبوڵڵای عێراقی: هێرشەکانمان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا فراوانتر دەکەین
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی لیواكانی حزبوڵا لە عێراق رایدەگەیەنێت، هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكە بەدەوام دەبێت و جەختیش لە دورخستنەوەى سەربازانى ئەمەریکا دەکات لە عێراق.
ئەبو عەلی عەسکەری، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای عێراقی رایگەیاند، ئەوەی لەماوەی رابردوودا بەرامبەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کردوویانە تەنها سەرەتا بووە، لەمەودوا هێرشەکانیان بۆسەر ئەمەریکا فراوانتر و توندتر دەکەن.
راشیگەیاند، ئەو کەسانەی بنکەکانی ئەمەریکا بە نێردەی دیپلۆماسی دادەنێن، ئەو کەسانەن دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆست و بەرژوەندییەکانیان لە عێراق بکەن.
هێرشەکەى سەر باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە ناوچەى سەوزى بەغداد، کاردانەوەى بەرفراوانى لەسەر ئاستى ئەمەریکا و عێراقیش لێکەوتەوە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش تەواوى هێزە ئەمنییەکانى بۆ دەستگیرکردن و رادەستکرنى تۆمەتباران راسپارد.
ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا زیاتر لە 70 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.