ناتانیاهۆ بۆ چەکدارانی حەماس: خۆتان بەدەستەوە بدەن جەنگ بەرەو کۆتایی دەچێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیاندراوێکدا داوای لە چەکدارانی حەماس کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن چونکە دۆخەکە کۆتایی هاتووە و چەندەها چەکدار چەکیان داناوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانونی یەکەمی 2023، بنیامین ناتانیاهۆ لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەها چەکداری حەماس "چەک دادەنێن و خۆیان رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکەن."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی کە "جەنگ لە ترۆپکدایە" و شکستی تەواوەتی حەماس کاتی زیاتر دەوێت بەڵام ئەمەی ئیستا روودەدات "سەرەتایی کۆتایهاتنی حەماسە."

بنیامین ناتانیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی چەکدارانی حەماس کرد و وتی، "کۆتاییهاتووە، خۆتان بە کوشت مەیەن بۆ [یەحیا] سینوار. هەرئێستا خۆتان بەدەستەوە بدەن."

یەحیا سینوار بەرپرسی سەربازی حەماسە و لە ریزبەندی داواکراوەکانی ئیسرائیلدا ژمارەیە یەکە. سوپای ئیسرائیل هەوڵی چڕ دەدات کە شوێنی یەحیا سینوار بدۆزێتەوە و دەستگیری بکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە ئەو کارە بکات.

بەپێی هەندێک هەواڵی میدیا جیهانییەکان کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە وەریانگرتووە، تا ئێستا نزیکەی پێنج بۆ حەوت هەزار چەکداری حەماس کوژراون بەڵام حەماس و ئیسرائیل هیچ کامیان ئەو ژمارەیەیان پشتڕاستەنەکردووەتەوە. 

بزوتنەوەی حەماس تا ئێستا شکستی رانەگەیاندووە و رۆژانە چالاکییەکانی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت گورزی "کوشندە"یان بە ئیسرائیل گەیاندووە، بەڵام بەپێی دۆخی جەنگ بێت ئیسرائیل دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی فراوانی غەززەدا گرتووە و فەرماندەیەکی پێشووی ئیسرائیل کە بۆ بی بی سی قسەی کردووە رایگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل نزیکە لە "کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی" غەززە. 

لەبارەی زیانە مرۆییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکە رایگەیاند کە لەکاتی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر غەززە لە 27ی تشرینی یەکەم، 101 سەربازیان کوژراوە و لەسەرەتای جەنگیشەوە بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی سەربازە کوژراوەکان 430 سەربازە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار