پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی بەنوێنەرایەتی بنەماڵەکە خەڵاتی ساخارۆڤ وەردەگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەکە خەڵاتی ساخارۆف لە شاری لە ستراسبۆرگی فەرەنسا وەردەگرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی یەکیێتی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆف ببەخشرێت بە ژینا ئەمینی و وا بڕیارە ساڵەح نیکبەخت پارێزری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە بری دایک و باوکی ژینا، خەڵاتەکە وەربگرێت.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2023، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تاران، بە موژگان ئیفتخاری دایکی ژینا ئەمینی و ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا و ئەشکان ئەمینی برای ژینایان راگەیاند بۆیان نییە گەشت بکەن و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرت، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2023 ساڵەح نیکبەخت پارێزری بنەماڵەی ئەمینی، لە بری بنەماڵەکە خەڵاتی ساخارۆف وەربگرێت.
ساڵح نیکبەخت لە ئەیلولی ئەمساڵ لەسەر نوێنەرایەتیکردنی بنەماڵەی ژینا ئەمینی وەک پارێزەر لە ئێران دادگایی کرا و سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام هێشتا سزاکەی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کوردی رۆژهەڵات و خەڵکی شاری سەقز، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینی لە رۆژی 16 ئەیلوولی 2022 و سکاڵای بنەماڵە، بە شێوەی خۆبەخشانە پارێزەری ئەم بنەماڵەیەی لەئەستۆ گرتووە.
نیکبەخت لە چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەی خۆبەخشانە پارێزەری چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی کردووە و لە بەشێکی بەرچاو لە دۆسییەکانیشدا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت.
خەڵاتی ساخارۆف بەو کەس و گرووپانە دەدرێت کە ژیانی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین تەرخان دەکەن. ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1988ەوە و بۆ رێزگرتن لە ئاندرێ ساخارۆف هاوڵاتییەکی رووسی، کە وەک پاڵەوانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لە رووسیا دەناسرێت، بەو کەسایەتی و لایەنانە دەبەخشرێت کە هەموو هەوڵی خۆیان ئەدەن بۆ خزمەت بە ئازادی.
ساڵی 1988 بۆ یەکەمجارئەم خەڵاتە بە هاوبەشی بەخشرا بە نیلسۆن ماندێلا و ئانتۆلی مارچنکۆ، نووسەر و چالاکی مافی مرۆڤ کە دژ بە حکوومەتی ستالینی یەکیێتی سۆڤییەت چالاکی ئەکرد.
