چۆن کوردی باشوور کۆتایی هات؟
11 مانگ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
لەچەندساڵی رابورودا پرۆسەیەکی چڕی هەمەلایەن لەلایەن سیخوڕو گەمژەی بەسودو داخ لەدڵ و کەمئاگا بەخەست بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی سود لەگەندەڵی و خراپی حوکمڕانیی و شەڕی ناوخۆو نامۆدێرنی دەسەڵاتی باشور ببینرێت بەمەبەستی ئامانجێکی جیاوازترو گەورەتر.
زیاتر لەدوو هەزارو پێنج سەدساڵ لەمەوپێش ستراتیژیستی گەورەی چینی سەن تزو روانگەیەکی داڕشت کەهەتا بێت کاریگەری زیاتر دەبێت. بەلای ئەوەوە شەڕ ئەوە نیە رووبەڕووی دوژمنەکەت ببیتەوە رووبەڕوو بەڵکو چۆن لەناوەوە دەیگەێنیت. ئەم پرۆسەیە لەلایەن زۆربەی زۆری دەزگاو ناوەندە سیخوڕییەکانی دونیاوە پیادە دەکرێت. لەسەردەمی ئەمڕۆدا بەهۆی گەشەی تەکنەلۆجیاو گەیشتنی ئەو تەکنەلۆجیایە بەهەموان و لەڕێگایەوە گەیشتی زانیاری بەهەموان، جەنگی نازانیاری یان زانیاری هەڵە یان چەواشەکاریی بووەتە کارێکی ئاسانتر. ئەمڕۆ بەئاسانی خەڵکانێکی زۆر دەخزێنرێنە نێو دونیایەکی ئاڵۆزی دروستکراوی ئاراستەکراوەوە. هیچ کاتێک هەستم بەچڕی ئەم دونیایە نەکرد هێندەی کەکتێبەکەی مایک رۆثچایلدم خوێندەوە، دەربارەی دروستبوونی گروپی Qanon لەئەمەریکا.
بەم جەنگە دەڵێن شەڕی دەروونی یان disinformation. بەکورتی چۆن سود لەقەیرانەکانی خەڵکانێک دەبینیت بۆ ئاراستەکردنیان بەو ئاراستەیەی کە دژ بەبەرژەوەندی خۆیانەو بەسودی تۆیە، بەڵام خۆیان لەپێچەوانەکەی تێگەشتوون. بەو مانایە خۆیان وەها دەزانن کەتۆ فریادەرەسیت، چونکە تۆی فریودەر ونیت.
کەس هێندەی کۆنە سیخوڕی کەی جی بی یوری بێزمینۆڤ راشکاوانە دەربڕی ئەم گەمەیە نیە. یوری باس لەئەوە دەکات کەچۆن بڕی زۆری کاری دەزگای سیخوڕی سۆڤیەت بۆ ئەوە بوو کەچۆن گەلان لەناوەوە ریسوا بکات. ئەم پرۆسەیە بەچەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەکەم، کەدرێژخایەنەو زەمینەسازە قۆناغی نەهێشتنی ورە یان کەسایەتی کەسەکانی ناو کۆمەڵگایە. ئەم پرۆسیە کاتێک دەگاتە لوتکە کەزۆرینەی خەڵک یان نەوەیەک لەکۆمەڵگا گەورە دەبن لەسایەی ئەم جەنگە دەرونییەداو تێڕوانییان بۆ واقیع بەتەواوی گۆڕاوە، یان مێشکیان بەجۆرێک شۆراوەتەوە کەجارێکی تر بەئاسانی ناتوانن واقیع هەست پێبکەنەوە.
بیزمینۆڤ دەڵێت تێکشکانی رۆح یان نەمانی باوەڕ بەخود، (دیمۆراڵەیسەیشن)، پرۆسەیەکە کە بەئاسانی ناتوانرێت بۆ دواوە بگەڕێنرێتەوە. لەدۆخی وەهادا چیدی راستی و حەقیقەت و واقیع هیچ بەهایەکیان نیە، سەلماندن و دۆکیومێنت و بەڵگە هیچ کاریگەرییەکی نیە. کاتێک ئەم دۆخە فەراهەم دەبێت، قۆناغی دواتر قۆناغی دروستکردنی ناسەقامگیرییە. کەزۆر کەمتر لەقۆناغی پێشووتر دەخایەنێت. لەم قۆناغەدا بنەما سەرەکیەکانی گەلێک دەکرێنە ئامانج: وەک ئابوری، پەیوەندییەکان، سیستەمی بەرگریی. پاش ئەمە قۆناغی سێیەم دێت کەقۆناغی قەیرانە. کەقەیران دروست دەبێت زەمینەدەسازێت بۆ دەستوەردانی ئەوانیتر بۆ ئاساییکردنەوە. لەم قۆناغەدا ئیتر وڵات لەئاستی ناخی کەسەکان، دونیابینییان، پاشان ژیانی رۆژانەیان بەتەواوی دەستی بەسەرادەگیرێت.
لێرەدا دوو پرۆسە لەئارادایە، یەکەم، مێشک شۆردنەوە، دووەم، وەرگرتنی ئەو زانیاریانەی کە لەمێشکشۆرەکانەوە دێت. یەکەمیان دس-ئینفۆرمەیشنە، دووەمیان، مسئینفۆرمەیشنە. هەمیشە هەردوو پرۆسەکە لەئارادان. هەروەها پرۆسەکە بەڕاستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆیی بەڕێوەدەچێت، لەلایەن سیخوڕو گەمژەی بەسودەوە. [چەمکی گەمژەی بەسود، بەگشتی دەوترێت کە لینین دایڕشتوە، بەڵام لەڕاستیدا، کۆمیدیاکەرێکی ئیتاڵی دایهێناوە، مەبەست لێی ئەو نیمچە رۆشنبیرانەن کەباوەڕیان پێدەهێنرێت بەکۆمەڵێک شت کەبەرنامەی خەڵکانێکی ترە، بەڵام ئەوان وەها دەزانن بەرنامەو دونیابینی خۆیانە].
دۆخی داڕمانی تاکی کورد، پاشان ئەگەری داڕمانی سەرجەم پرۆسەکە بەچەند قۆناغێک بەڕێوەچوو. قۆناغی یەکەم، هەردوو یەکێتی و پارتی نەیانتوانی جۆرێک لەسیستەمی سیاسی دابڕێژن کە لەخۆگربێت، بەو مانایە هەوڵی ئەوەبدات کەچۆن کۆمەڵگا لەخۆی بگرێت، ئینکلوسیڤ. بەڵکو ئەو گرێ دەرونیی و دەزگایی و ئاگاییانە کە لەسەردەمی پێشوترەوە هەیانبوو درێژەیان پێدا. ئەم دۆخە بەدەست گرێی دەرونی و شەخسی و کەمی ئاگایی و ترس لەزانیاری و رکەبەری ئەویتری باڵ و شەخسی دەیناڵاندو دەناڵێنێت.
ئەم قۆناغە لەلایەن کۆمەڵگای کوردییەوە بەرگریی لێنەکرا، بەڵکو بەزۆری قبوڵکرا، لەبەر نەبوونی زانیاری و ئاگایی و دەزگای نوێ و رێگەپێنەدانی.
نەبوونی توانای دەستنیشانکردنی گرێکان و هەوڵدان بۆ چارەسەریی بەردەوامی دا بەهەڵە بەدوای هەڵەدا. ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ هێزە ئیقلیمیەکان بۆ ئەوەی لەڕێگایەوە ئیدارەی هەرێم بدەن وەک جێگایەک کەهەرگیز نەتوانێت بەسەر کێشە سەختەکانیدا سەرکەوێت. ئەمە لەشەڕی ناوخۆدا بەچڕی دەستیپێکرد. کاتێک لە ١٩٩٨ رێکەوتنی واشنتۆن دەکرێت، تورکیا جەخت لەسەر دوو زۆنی هەرێم دەکاتەوە. ئەم جەختکردنەوەیە بەنیازی پەرت بکەو زاڵبە بوو. سیاسییەکانی هەرێم، ئەمەیان پێخۆش بوو چونکە بەلای ئەوانەوە حوکمداری یانی ئەوەی کەئەوان حوکمداربن، نەک بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا.
قۆناعی دوای ئەمە قۆناغی کرانەوەیە. کۆمەڵگای کراوە، ئەگەر ئامادەنەبێت بۆ کرانەوەکەی ئەوا کرانەوەکەی دەبێتە مایەی هەڵوەشانی. بەڵام ئەگەر ئامادەبێت ئەوا بەپێچەوانەوە دەبێتە مایەی بەهێزیی. بەڵام کۆمەڵگای کوردی ئامادەنەبوو بۆ کرانەوە، چونکە خەسڵەتی کرانەوە، بەو جۆرەیە کەئەگەر لەهەناوی خۆتدا هێزو چوارچێوەکانت نەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوەی دێت مامەڵە بکەیت، ئەوا بەئاسانی دەبیتە نێچیری ئەوانیتر.
کورد نە خاوەن کەلتورێکی وەها پتەوبوو کەبتوانێت بەرگەی ئەمە بگرێت نە دەزگاکانی نوێی وەک زانکۆو میدیاو رۆشنبیرانی هێندە تۆکمەبوون کەبتوانن مەتەرێزێکی وەهای بۆ درستبکەن هەتا بتوانێت خۆی بەدونیا دەوڵەمەند بکات. بۆیە بوو بە بەرخۆری دونیا نەک سودمەندبوون لێی.
دیارە هەندێک هۆکاری تر پاڵنەری گەورەبوون بۆ ئەمە. یەکێک لەگەورەترین هۆکارەکان بەشاربوونی خێرای کۆمەڵگای کوردییە. ئەم پرۆسەیە مرۆڤی کوردی لەزۆر رەگی دابڕی و بەهەندێک رواڵەتی رووکەشی ناساند. بەڵام بەبێ بوونی توانای جوڵەی خێرا. لێرەدا چەمکێکی دۆلۆزی هەیە کە ڕایزۆمە، بەمانای کشان بەسەر رووکەشدا بەبێ بوونی رەگ، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤی کورد سەختە بەرجەستە بێت. ئەو جەدەلەی لەنێوان داربون و هەرێزبووندا هەیە لێرەدا جێگای بایەخە. دار ئەو بوونەوەرەیە کەڕەگی هەیە، لەجێگای خۆیدایە، کاتێک رەگەکانی دەچنە قوڵایی و تاریکی خاک، پەلەکانیشی لەشینایی ئاسماندا پەلوپۆدەکەن. بەو مانایە هەردوو پرۆسەی ئازارچەشت و چوونە قوڵایی و پەلکشان و چوونە پانتایی هەیە. بەڵام مرۆڤی شاریی لەم ئەزمونانە دادەبڕێت، ئەگەر سیستەمی نوێ نەبێت ئەوا لەدونیایەکی شلی هەمیشە گۆڕاودا تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت. [بۆ ئەم پاشخانە لەئاستی ئەوروپادا کەکەسێکی وەک کارل مارکسی تیادا دروست دەبێت، تێگەیشتن لەپەیڤە شیعرییەکانی ناو مانیفێستی کۆمیونیزم بەسودە]. شار پانتایی شلبوونەوەیە. ئەمەش هۆکاری ئەو دوفاقیەیە کەئەمرۆ دونیای کوردی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەلایەک دەیەوێت لەهەموو نوێیەک سودمەندبێت لەلایەکی تر لەهەموو نوێیەک دەترسێت، بۆیە دینداریی توندی تیک-تۆکی بەرهەم دێت.
کەخەڵکی کورد پەرتبوون و هەڵەی گەورەیان کردو رەگیان نەماو بەئاسانی کرانەوە لەبەرامبەر ئەوانیتردا، ئەوا بوون بەنێچیری پرۆسەی مێشک شۆردنەوە. ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ لەئاستێکدایە کەکورد بڕوای وەها نیە کەدەتوانێت خۆی خۆی رزگار بکات، هەر گروپێک فریادەرەسێکی بۆ دیاری دەکەن. هەموو هێزە کوردیەکان بڕوایان وەهایە ئەگەر پشتیوانێکی دەرەکیان نەبێت نامێنن.
کۆمەڵگای کوردی لەدۆخێکی ئاڵۆزی داڕماندایە. دۆخێک کەناتوانێت وێنای دونیایەکی جیاوازی پێبکرێت. هەموان بەڕازی و ناڕازی هەوڵی درێژەپێدان بەیەک مۆدێل دەدەن. ئەوەی بەغداییە، تارانی، هەولێریی یان ئەنکەرەیی هەموو هەر هەوڵی ئەوە دەدەن پەیمانی ئەوە دەدەن کەئەوەی هەیە وەک خۆی لێبکەنەوەو درێژەی پێبدەن. لەکاتێکدا هەموو دەبوو لەئەوە بەئاگابن کەئەوەی هەبوو تێپەڕی. جیاوازی نێوان کۆمەڵگای خاوەن کەلتورو کۆمەڵگای بێکەلتور ئەوەیە کەکۆمەڵگای بێ کەلتور لەبەردەم قەیرانەکاندا دادڕمێت یان دەبێتە نێچیرێکی ئاسانی هێزەکانی تر، بەڵام کۆمەڵگای خاوەن کەلتور لەبەردەم قەیراندا فێری نوێ و داهێنان و بەرگریی و بەرخودان دەبێت.