درەنگانی شەوی ڕابردوو هێرشی درۆنی كرایە سەر بنكەیەكی ئەمریكا لەعێراق
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەڕای هۆشدارییەكانی ئەمریكا و دڵنیاییەكانی عێراق بەوەی هێرشی سەر هێزەكانی ئەمریكا دووبارە نابێتەوە، گروپە چەكدارەكانی عێراق ڕایانگەیاند درەنگانی شەوی ڕابردوو هێرشیانكردووەتەوە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لەڕۆژئاوای عێراق و هێرشەكەش لەڕێگەی درۆنەوە بووە.
ئەو گروپە كە خۆیان ناوناوە بەرگری ئیسلامی لەعێراق ئەوەیان ڕاگەیاندووە "هێرشەكە وەك وەڵامێك بووە بۆ ئەو تاوانكاریانەی ئەمریكا بەرامبەر خەڵكی غەززە ئەنجامیان دەدات"، باس لەوەشدەكەن درۆنەكانیان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئامانجەكەی پێكاوە".
لەحەوتی مانگی ڕابردوو چەند گروپێكی چەكداری عێراقی بە ئامانجگرتنی چەند بنكەیەكی سەربازی ئەمریكایان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، ئەویش بەوتەی خۆیان وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل كە دەیانكاتە سەر كەرتی غەززە لە فەلەستین، ئەو گروپانە ئەمریكاشیان بەوە تۆمەتبار كرد كە پشتیوانی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات.
هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا تا ناوەڕاستی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە 80 جار هێرشیان كراوەتەسەر، ئەویش بەوتەی بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتە، زۆربەی ئەو هێرشانەش گروپە عێراقیەكان كە نزیكن لەئێران ئەنجامیدەدەن.
لەحەوتی ئۆكتۆبەری ڕابردوەوە كە حەماس هێرشیكردە سەر ئیسرائیل لەڕێگەی درۆن و سەدان چەكدارەوە، دواتریش ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی كردە سەر فەلەستین، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بووە و ناوبەناو گروپە چەكدارەكان لەعێراق و سوریا هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و ئەمریكا و ئیسرائیلیش هێرش دەكەنە سەر ئەو گروپانە لەعێراق و سوریا.
تائێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریكی لەعێراق دا هەن و لەسوریاش ژمارەی سەربازە ئەمریكیەكان 900 كەسە، ئەو هێزانەش لەچوارچێوەی شەڕ دژ بەداعش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەعێراق و سوریا ماونەتەوە.