ناتانیاهۆ: جەنگ بەردەوام دەبێت تا سەردەکەوین بە پێچەوانەی ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی لەسەرمانە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند جەنگ بەردەوام دەبێت هەتا سەردەکەون بەپێچەوانەی ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی لەسەریانە. 

لەدوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل سێ بارمتەی بە "هەڵە" کوشت لە کەرتی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار دوای ئەو روداوە وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئێمە لەپێناوی ژیانمان لە جەنگداین. دەبێت جەنگ بەردەوام بێت تا سەرکەوتن بەپێچەوانەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و ئەو باجەی کە داومانە لە جەنگدا."

دوای زیاتر لە دوو مانگ لە بەردەوامی جەنگ لە غەززە، فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل زیادیان کردووە و داوا دەکرێت کە ئاگربەست رابگەیەنرێت لەکاتێکدا کە تا ئێستا 18 هەزار کەس کوژراون.

سوپای ئیسرائیل رۆژی هەیینی رایگەیاند، هێزەکانیان بە "هەڵە" سێ بارمتەی ئیسرائیلییان کوشتووە دوای ئەوەی وەک "هەڕەشە" حسابیان بۆ کردوون. دواتر لە لێکۆلینەوەکانی سوپای وڵاتەکە ئەوە دەرکەوتووە کە بارمتەکان بێ جل بوون و بەشی سەرەی جەستەیان رووت بووە، لە هەمان کاتیشدا ئاڵای سپییان هەڵکردووە لەوکاتەی تەقەیان لێکراوە. 

هاوکات هێرزی هەلەڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی تەواوەتی کوژرانی ئەو سێ بارمتەیەی هەڵگرت و وتی، "سوپای وڵات و منیش وەک فەرماندەکەی بەرپرسیارییەتی تەواوەتی هەڵدەگرین سەبارەت بەوەی روویدا، ئێمە ئەوەی لە دەسەڵاتماندا بێت دەیکەین تا روداوێکی لەو جۆرە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار