دوای کۆبونەوەی سەرۆکی مۆساد و سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەگەری ئازادکردنی بارمتەی زیاتر هەیە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەنێوەندگیری قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەستیپێکردووتەوە، بەڵام حەماس سوورە لەسەر بڕیارەکەی کە هیچ بارمتەیەک ئازاد ناکات هەتا ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مۆساد لەگەڵ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەلتانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە وڵاتێکی ئەوروپی کۆبووەتەوە  بۆ تاووتوێکردنی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.

کۆبونەوەکە بە یەکەم کۆبونەوەی بەرپرسانی باڵای قەتەری و ئیسرائیلی دادەنرێت لەوکاتەوەی کە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە کۆتایی بە ئاگربەستی حەوت رۆژە هات کە تێیدا زیاتر لە 110 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکران.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خۆی لە قسە کردن لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە دزییەوە کە لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە پرسیاری دەربارەی لێیکرا، بەڵام ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە رێنمایی بە تیمی دانوستانکاری ئیسرائیلی داوە.

لەلایەکی ترەوە لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەی حەماس دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ هیچ دانوستانێکدا نییە بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان هەتا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەتەواوی رانەگرێت و ئەمەشی بە هەموو نێوەندگیرەکان وتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار