لاهور شێخ جەنگی: دەبێت شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس و خۆری هیوا هەڵبهێنینەوە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لاهور شیخ جەنگی لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند خەڵکی هەرێمی کوردستان شایەنی ئەوەیە لە ژێر سایە و سێبەری ئاڵای کوردستان ژیانێکی سەربەرزانە بژی، بەڵام "چەند حیزبێکی خۆماڵی" رۆژ بە رۆژ دەیانچەوسێننەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە کە یادی ئاڵای کوردستانە لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەم ئاڵایە ناسنامە و سیمبولی میللەتێکە کە دەیان هەزار ڕۆڵەی قارەمانی خۆی کردووەتە قوربانی بۆ بەرگریکردن و پارێزگاریکردن لە نەکەوتن و بە بەرزی هێشتنەوەی، ئێستا ئەو میللەتە شایەنی ئەوەیە کە لەژێر سایە و سێبەری ئەم ئاڵایەدا ژیانێکی سەربەرزانە و شایستە و شەرەفمەندانە و خۆشگوزەران بژی."
لە درێژەی قسەکانیدا لاهور شێخ جەنگی باس لەوە دەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان "بەدەست چەند حیزبێکی خۆماڵییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دەچەوسێندرێتەوە و هەوڵی بێ ئیرادەکردن و نائومێدکردن"یان دەدرێت.
لەکۆتایی پەیامەکەشیدا لاهور شیخ جەنگی دەڵێت، لەم کاتە نائومێدەدا "دەبێت بە هەموو ئەوانەی کە هەست بە بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی دەکەن بەرامبەر بە ئێستا و ئایندەی میللەتەکەمان شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس و خۆری هیوا هەڵبێنینەوە."
