رێگری لە وەزیری ناوخۆی عێراق کرا دەنگ بدات
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری ناوخۆی عێراق رێگری لێکرا دەنگ بدات بەهۆی ئەوەی کە دەبوو لە دەنگدانی تایبەت دەنگی بدایە نەک دەنگدانی گشتی.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە کارمەندانی کۆمسیۆن رێگرییان لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە کە بەشداری لە دەنگداندا بکات بە بیانوی ئەوەی کە دەبوو لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگی بدایە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، عەبدولئەمیر شەمەری بەنیاز بوو لە ئۆتێل رەشید لە ناوەندی بەغدا دەنگ بدات و بۆ ئەو مەبەستەش بەیانی ئەمڕۆ سەردانی شوێنەکەی کردووە بەڵام کارمەندانی کۆمسیۆن نەیانهێشتووە بەشداری لە دەنگدان بکات و پێیان راگەیاندووە کە دەبوو لە دەنگدانی تایبەت بەشداری بکردایە کە تایبەتە بە هێزە ئەمنییەکان.
دوای 10 ساڵ ئەمە یەکەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت کە لە 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.