رێبوار تەها: هەزارەها کورد لە دەنگدان بێبەشکراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە لە کەرکوک پلانێکی گەورە دژی کوردەکان ئەنجامدراوە و هەزەرەها کورد لە دەنگدان بێبەشکراون، داواش دەکەن، ئەوانەی دەنگیان نەداوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن.
هەریەکە لە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەسەر پشی یەکێتی و رێبوار تەها ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان لەبارەی بەڕێوەچوونی دەنگدان لە کەرکوک ساز کرد.
لە کۆنگرەکەدا رێبوار تەها وتی، "بەرنامەیەکی پیلان بۆداڕێژراو لە دژی دەنگی کورد جێبەجێ کراوە و بە دەیان هەزار کورد پەنجەمۆر و کارتی دەنگدانیان ناخوێندرێتەوە و رێگایان پێنادرێت دەنگ بدەن."
رێبوار تەها داوای لە کوردانی کەرکوک کرد کە "رێگا نەدەن نەیارانمان ئەمشەو ئاهەنگی سەرکەوتن بگێرن" و روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن چونکە "دەیانەوێت کوردستانبوونی کەرکوک بسڕنەوە."
هاوکات خالید شوانی هەمان داواکاری کرد و وتی، "داوا لە کەرکوکییە ئازیزەکان دەکەم ئەم چەند سەعاتەی کە ماوە بچن دەنگ بدەن و چوار ساڵی باشتر بۆ نەوەکانیان دەستەبەر بکەن."
