دە وڵات دژی حوسییەکانی یەمەن بەرەیەک رادەگەیەنن

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەمریکا دەیەوێت بەرەیەک بەرەیەک بە بەشداری 10 وڵات پێکبهێنیت بۆ وەستانەوە دژی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور.

ئەم بەرەیە کە بەریتانیا، فەرەنسا، بەحرین، ئیتالیا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی تر دەگرێتەوە، ئامادەییان هەیە بۆ وەستانەوە دژ بە هێرشەکانی حووسییەکان لەدەریای سوور. 

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکدا وتی، "ئەو وڵاتانەی خوازیاری بەرگری لە ئازادی بازرگانی دەریایین، پێویستە هاوئاهەنگ بن بۆ وەستانەوە دژ بەو هەڕەشانەی کە رێ لە ئازادی بازرگانی ئەگرێت لە دەریاکاندا."

چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامن لە هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان لە دەریای سوور و ئاسایشی ئەم رێڕەوە بازرگانییەیان تێکداوە کە %12 بازرگانی جیهان لەم رێگایەوەیە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئامانجی ئەم بەرەیەی بە پاراستنی ئازادی دەریاوانی بۆ هەموو وڵاتەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد و باسی لەوە کرد، ئەمریکا، بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نەرویج و ئیسپانیا بەشدارن لەو بەرەیەدا.

میلیشیا حووسییەکان چەند کاتژمێر پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیاندراوە، رۆژی دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی 2023 رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر دوو کەشی بارهەڵگر.

حووسیەکان بانگەشەی ئەوە ئەکەن ئەم کەشتیانە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام خاوەنی نەرویجی یەکێک لەو کەشتیانە ئەوە رەت ئەکاتەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بەڵکو کۆمپانیایەکی سەنگافووری سەرپەرشتی ئەو کەشتیانە دەکات و هەڵگری سووتەمەنی بوون لە فەرەنساوە بەرەو دوورگەی رێئۆنیۆن. کەشتی دووەم ئاڵای پانامای لەسەر بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار