لاهوور شێخ جەنگی پیرۆزبای سەركەوتنی كورد دەكات لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند "كەركوكییە خۆشەویستەكان، جەماوەری خۆڕاگری كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەم بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی بۆ كورد و دیاریكردنی شوناس و سەنگ و پێگەی خۆتان تۆمارتان كرد".

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی كەركوك دەڵێت "سوپاسی یەكە بە یەكەتان دەكەم كە زۆر لە خۆبوردووانە و بە جۆشوخرۆشی كوردانەوە بەشداریی فراوان و كاراتان كرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، سەرباری ئەو فەرامۆشكردنەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی كوردەوە بەرامبەرتان كرا لە ڕابردوودا، بەڵام هەستتان بە بەرپرسیارێتی كرد و بە دەنگەكانتان مێژوویەكی پڕ لە شكۆ و شانازیتان بۆ خۆتان و شاری كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان تۆمار كرد".

ئاماژە بەوەش دەكات "پیرۆزبایی لە كاندیدە سەركەوتووەكانی كورد دەكەم، هیوادارم لەجیاتی حیزبایەتی كوردایەتی بكەنە ئەركی لەپێشینەیان و لایەنە سیاسییەكانیش بەخۆیاندابچنەوە و لە گرنگی ئەو دەنگانە تێبگەن، كە بە پەنجەی كەركوكییەكان و تەواوی دەنگدەرانی كوردی ناوچە كێشەلەسەرەكان بەدەستیانهێناوە، پێكەوە بە هاوبەشی بێ گوێدانە بەرژەوەندیی كەسی و حیزبی كاربكەن و یەكە یەكەی ئەو دەنگانە بكەنە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بۆ ئەو خەڵكە دڵسۆز و تێكۆشەرە. لەگەڵ كاندیدە براوەكانی سەرجەم پێكهاتە و نەتەوەكاندا رۆحی ئاشتی و پێكەوەژیان قووڵبكەنەوە و لە ئەنجوومەنێكی بەهێز و كارادا خزمەتی پارێزگای كەركوك بكەن".

هەروەها دەڵێت "هەمووتان ئاگاداربوون كە ئێمە پرۆژەیەكی سیاسیی ستراتیژیمان هەبوو بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیستی بەهێزی نیشتمانییەوە بەشداربین لەو هەڵبژاردنە گرنگە، بەڵام بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان لەبەر بەرژەوەندیی حیزبی ئامادەنەبوون بۆ پێكهێنانی یەك لیستی كوردی، ئێمەش لە پێناو پەرتنەبوونی دەنگی كورد بڕیارماندا بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەكەین، هەوڵماندا لە جیاتی درووشمبازی و ململانێی سیاسی، خەڵكە خۆشەویستەكەمان لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان هانبدەین بۆ ئەوەی بە فراوانی بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، هەر ئەوەشمان لێ چاوەڕوان كردن كە ئەنجامیاندا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار