بردنەوە لە هەڵبژاردن گرنگە،بەڵام....

11 مانگ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

هەڵەی هەرە ستراتیجی حیزبی کوردی لە باشوری کوردستان لە یەکەم هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانی ساڵی ١٩٩٢ ەوە هەتا هەڵبژاردنەکەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەوە بوە هەڵبژاردنیان لە ئامڕازەوە گۆڕیوە بۆ ئامانج،کۆی پڕۆسەی دیموکراتی و بەڕێوەبردنیان لە ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگداندا چڕ و کورتکردوەتەوە.

هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی کۆی ئەو دەرهاویشتە مەترسیدار و ناهەموارانە بوە کە لە دەسەڵاتداری هەرێم و بگرە عراقیش کەوتونەتەوە و تەنگیان بەکۆمەڵگە هەڵچنیوە و لە دەسەڵاتداران و دەسەڵات دایبڕیون و خەڵکی خستوەتە شیوێک و دەسەڵاتداران و دەسەڵات و حیزبەکانیانی خستوەتە شیوێکی تر.

ئەم هاوکێشەیە زۆری خایاند،هۆکار زۆرن بۆ بەردەوامی زیاد لە پێویست و بەرگەگرتنی ئەو هەموو ساڵەی خەڵک،بە بۆچونی من لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان هۆکاری سەرەکی بەرگەگرتنی خەڵک وشیاری و هەستیاری و ئاست بەرزی تێگەیشتنی خەڵکە لە ئاست و پێگەی قەوارەی دانپێدانراوی دەستوری هەرێمی کوردستان وەک نۆبەرەی دەستکەوتی کوردان،ئەوەش بە مانایەکی تر ئەوەمان پێدەڵێ کە خەڵک پێش حیزب و سەرۆک و سەرکردەکانی کەوتوە لە چۆنیەتی مامەڵەی لەگەڵ ئەو دەسکەوتانە.

دیزاینی نەخشەی سیاسی عراق لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی (لافاوی ئەقسا) لە غەزە و (هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکان) لە عراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە دیارترین ڕوخساری قۆناغی داهاتوو جۆرێک لە ئارامی و دەسەڵاتی ئەنجومەنە لۆکاڵیەکان دەبێت وەک قۆناغی گواستنەوە لە نێوان دەسەڵاتی میلیشیاکان بۆ جۆرێک لە چەسپاندن و سەپێخستنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتی ئەنجومەنە لۆکاڵیەکان،ئەوەش بۆ جیاکردنەوەی خزمەتگوزاریە پەیوەندیدارە ڕاستەوخۆکانی ژیانی خەڵکە لە دەسەڵاتی میلیشیاکان و حکومەتی ناوەند و وشککردنی بەشێکی گەورە لە سەرچاوە داراییەکانیان.

لێرەوە بۆ کورد بردنەوە لە ناوچە دابڕێندراوەکان تەنها بردنەوەی ڕۆژی دەنگدان نیە،بەڵکو شێوازی دەسەڵاتداری ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئیدارە لۆکاڵیەکانی ئەو ناوچانەیە،لەلایەکی دیکەش دەروازەیەکە بۆ وەرچەرخان و چاکسازی لە ئیدارەی هەرێمیش.

ڕێژەی بەرزی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێندراوەکان هەرگیز مانای ئاشتبونەوەی خەڵک نیە لە گەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و لێخۆشبونیان،ناشبێ ئەو حیزبانە بەوە دڵخۆش بن کە خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی هەرێم بۆ پارلەمانی کوردستان بەهەمان ڕێژە دەنگیان دەداتێ،بەڵکو وەک لەسەرەتا باسم کرد خەڵک هەتا ئەو ڕادەیە وشیارە بەرامبەر بەستراتیجی نەتەوەیی و کێشەی خاک دەزانێ لە ئێستادا لە ئێوەی شایستەتر نیە بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچە دابڕێندراوەکان لە ناو هێزە کوردیەکان!،لە نێوان هێز و چەکی ئێوە و میلیشیاکانی عراق،ئێوەی هەڵبژاردوە.

بەڵام بۆ هەڵبژاردنی هەرێم ئۆپشنی تری زۆرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار