ئەوە جاری یەکەم نییە دەنگی خەڵك دەفەوتێنن.
11 مانگ لەمەوپێش
برزۆ ئیسماعیل
نازانم بەدەستی ئەنقەستە یان لە گێلی ئەو حیزبانەیە، بەئاشکرا و بێ پەردە، ئەوە بۆ چەندەم جارە دەنگی کورد بەرامبەر دۆست و نەیار و دوژمنان دەستوتێنن، دواتریش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و دەڵێن محاوەلەی خۆمان کرد.
لە هەڵبژاردنی ( ٧/٣/٢٠١٠) لەکەرکوک ( ٦٨) هەزار دەنگی کورد بەهۆی دەنگی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ سوتا، کە ئەو دەنگانە بارتەقای هەموو دەنگی تورکمانی کەرکوک بوو.
لە هەڵبژاردنی (٣٠/٤/٢٠١٤) هەر ئەو سێ لایەنە، بوونە هۆی لەدەستدانی ( ٢٥) هەزار دەنگی کورد.
ئەوجارەش لەو هەڵبژاردنە (١٨/١٢/٢٠٢٣) بە نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆشیالیست، بوونە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە (٣١) هەزار دەنگی کورد.
من نازانم ئەوانە پارە لە لایەنێک وەردەگرن یان ئەوەندە نەزانن حەجمی خۆیان نازانن؟ بەدەستی ئەنقەست ئەو یارییە لەکورد تێک دەدەن.
لە پێش هەموو هەڵبژاردنێک هەموو حیزب و لایەنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بەیەک لیست دادەبەزین و هاوکار و پشتیوانی یەکتر دەبین. کەچی بەس قسەی سەر شاشەیە و ئەوان ئەجندای تایبەتی خۆیان هەیە، گوێ بەکورد و نیشتمان نادەن.
ئەوەی جێی سەنج بوو لەو هەڵبژاردنەی دوایی، بەرێز لاهور شێخ جەنگی داوای یەکریزی و یەک لیستی کرد. لێ کەس وەڵامی نەدایەوە. هەر حیزبە بەدوای ئەجیندای تایبەتی خۆی کەوت، بۆیە لەبەر تێکنەچوونی یەکریزی کورد و بەهەدەر نەدانی دەنگی کورد، ئەویش لیستی نەبوو. بەڵام بانگەوازی کرد کە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بەکورد بدەن. ئەوانەی چوونە سەر سندوقی دەنگدان، بەشێکی بەرچاو لەهەوادار و لایەنگرانی ئەو بوون، کەواتە دەنگەکانی نەفەوتا.
کورتەی کەلام ئەوەیە: ئەو حیزبانە، ئەوە سێیەم جارە ئەو هەڵەیە دەکەن. ئەوان دەرس و پەند لەو هەڵانە وەردەگرن یان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش کە بەو نزیکانە دەکرێت، هەمان هەڵە دەکەنەوە؟ دیسان چواربارە دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان دەسوتێنن، بۆ ئەنجیندایەکی دیاری کراو.
دیسان دەبنەوە رزگارکەری ئەوانەی دەستیان لەقوت و قوڕگی خەڵک ناوە و دەبنە فریادرەس بۆیان یان بەرەیەکی یەکگرتووی دروست دەکەن بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە تاڵەی تێیکەوتووین.
هەوڵ دەدەن ئەو هەڵانەی رابردوو چاکبکەنەوە یان هەر ئەجیندای خۆیان جێبەجێ دەکەن؟.