ژمارەی کوژراوانی غەززە 20 هەزار کەسی تێپەڕاند

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ژمارەی کوژراوانی جەنگی غەززە 20 هەزار کەسی تێپەڕاند و بەرپەرسانی ئیسرائیل رایدەگەیەنن کە جەنگ بەردەوام دەبێت لەکاتێکدا کە ئەگەری ئاگربەستێکی نوێ هەیە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دواین ئاماری جەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا ئێستا 20 هەزار کەس کوژراون و کە زیاد لە هەشت هەزاریان منداڵن. لەنێو کوژراوەکاندا، 97 کەسیان رۆژنامەنوسن، 310 کەسیان کارمەندی تەندتروستی و 35 کەسیشیان کارمەندی رێکخراوە مەدەنییەکانن.

جەنگی حەماس-ئیسرائیل لە رۆژی 76ەمینی دایە و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین 52 هەزار و 586 کەس برینداربوون و نزیکەی حەوت هەزار کەسیش ونبوون کە چوار هەزار و 900 کەسیان منداڵن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەنوێترین لێدوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە جەنگ بەردەوام دەبێت و ناوەستن تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس سەردانی میسری کردووە بۆ تاووتوێکردنی ئاگربەستێکی نوێ. 

لەلایەکی ترەوە بەپێی راپۆرتی میدیا ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان، ئەمریکا دەیەوێت ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی کەمبکاتەوە و قۆناغی ئێستای جەنگ لە سەرەتاکانی ساڵی 2024 کۆتایی پێ بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار