جارێکی تر هێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سینتکۆم) رایگەیاند بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق و پارێزگای ئەنبار.

سێنتکۆم لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، رۆژی چوارشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2023 لە کاتژمیر 7:30 خولەکی بەیانی بە موشەکێکی 122 میلیم هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، بەڵام هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

بە پێی راگەیاندراوەکە، هێزەکانی ئەمریکا زانیارییەکانی تایبەت بە شوێنی هاویشتنی ئەم مووشەکەیان گەیاندووەتە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سوپای عێراق دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە کە مووشەکەی لێوە هاوێژراوە.

ئەم هێرشە مووشەکییە لەکاتێکدایە کە لە دوای رووداوی 7ی ئۆکتۆبەر و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراق و سووریا زیاتر بووە.

ماوەیەک لەمەوبەر، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق و یەکێکیتر لە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ناوی "بزووتنەوەی نجبا"ی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە پشتی زۆربەی ئەو هێرشانەوەن کە کراوەتە سەر هێزە هاوپەیمانەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ناوچەکە.

سوپای ئەمریکا تا ئێستا چەندین جار بنکەکانی ئەم گروپە میلیشیایانەی لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.

بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە 22ی تشرینی دووەم، هەشت ئەندامی ئەو گرووپە میلیشیایە کوژران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار