هاوڵاتی دواین زانیاری لەبارەی گەیشتنی نەوتە 50 هەزاریەكەی عێراق ئاشكرا دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دوای ئەوەی عیزەت سابیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە نەوتە 50 هەزاریەكەی عێراق لەهەرێم دەست بەدابەشكردنی دەكرێت، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان رەتیكردەوە دەست بەدابەشكردنی ئەو نەوتە كرابێت.

دوێنێ چوارشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2023، عیزەت سابیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێدانی نەوتی ماڵانی بە هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک پەسەند كردووە.

بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی تائێستا دەست بەدابەشكردنی ئەو نەوتەی عێراق لەهەرێم نەكراوە. 

سەرچاوەكە وتیشی لەئەمبارەكانی نەوت لەهەرێمی كوردستان تەنها نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەیە پێچەوانەی وتەكانی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق كە وتبووی لە ئەمبارەكاندا نەوتی عێراق هەیە و دەتوانرێت بەزوویی دەست بەجێبەجێكردنی بڕیارەكە بكرێت.

وتەكانی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و تێیدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەکران.

لە راگەیەندراوێكی حکومەتی عێراقدا هاتووە: بۆ پشتیوانیکردنی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری ژمارە (230333 ق) پەسەندکرا کە بریتییە لە دابەزاندنی بەهای بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە 250 دینار بۆ هەر لیترێک لەبری 500 دینار بۆ هەر لیترێک کە بەهای پێشووی بوو، ئەمەش بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە.

رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023 عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە میدیای پارتی وتبوو: لە سێ هەفتەی رابردوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی ماڵان لەگەڵ بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، لەگەڵ وەزیری نەوت قسەمانکرد و پێشنیازەکەی پەسندکردین و بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە، کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت، نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار