رێكخراوێكی نێودەوڵەتی كار بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەهەرێمی كوردستان دەكات
11 مانگ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
رێكخراوێكی ئەڵمانی- كوردی كار بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەهەرێمی كوردستان دەكات، لەدووەم كۆنفرانسیان لەسلێمانی باس لەمەترسییەكانی بەكارهێنانی درۆن و تێكدانی ژینگەی كوردستان كرا لەلایەن هەریەك لەتوركیاو ئێرانەوە.
رۆژی 16-12-2023 ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، لەسلێمانی دووەم كۆنفرانسی ساڵانەی بۆ یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامدا، بەناونیشانی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان و رێكارەكانی چەسپاندنی، لەكۆنفرانسەكەدا پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی، دادوەر، ئەكادیمی، چالاكوان، رۆژنامەنوس ئامادەبوون، چەند پانێڵێك بەڕێوەچوو، دواتریش گفتوگۆی كراوە لەنێو ئەندامان بەڕێوەچوو.
پانێڵی یەكەم بەناونیشانی بەرەو دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان بوو، هەریەك لە د.عیباد روحی، د.سۆران بەرزنجی، دادوەر هاوارد مۆریسن بەشدارییان تێداكرد، سێ ناونیشانی جیاواز گفتوگۆی لەبارەوە كرا، یەكەمیان بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی وەك میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەكوردستان، دووەم هەوڵەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێم، سێیەم گرنگی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان.
د.عیباد روحی لەپانێڵەكەدا وتی:»هەموو دەوڵەتەكان پشتیان بەستووە بەو یاسایەی كە نەتەوەیەكگرتووەكان ئامادەی كردووە كە دەبێت لەهەموو وڵاتێك رێزی لێبگیرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە تاوانی نێودەوڵەتی لەو دوو سێ تاوانەدا دەبینینەوە كە دادگای نێودەوڵەتی لەماددەی 50 ئاماژەی پێكردووە جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و دەستدرێژی بۆسەر وڵاتان بەڵام كۆمەڵێك تاوانی تر هەن كە دەكرێت زۆر مەترسیدارتر بن، وەك قاچاغچیەتی بەئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە، یان قاچاغچێتی رێكخراو و قاچاغبردنی زبڵی ئەتۆمی، یاخود تێكدانی ژینگەیی كە لەكوردستانی گەورە روودەدات بۆیە دەكرێت بەپێی یاسای ناوخۆیی رێكبخرێنەوە».
وتیشی:»ئەو تاوانانەی باسمكردن دەكرێت مەترسی زیاتر رووبەڕووی ئێمەو مرۆڤایەتیش بكاتەوە لەكاتێكدا لەیاسای نێودەوڵەتیدا ئاماژەی پێنەكراوە، هەروەها هەزاران تۆمەتبار هەن لەدنیادا بەهۆی بۆشایی لەیاساكان دەستگیرنەكراون یاخود بەهۆی رێككەوتنی ژێر بەژێری وڵاتان رادەست ناكرێن».
پانێڵی دووەم بەناونیشانی «ئاڵۆزی پرسی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی و سیستەمی دادوەریی كوردستان « بوو هەریەك لە ئازاد وەڵەتبەگی و د.حەسەن مستەفا بەشدارییان تێدا كرد، دوو تەوەری لەخۆگرتبوو، یەكەمیان مۆدێلی دادگای تێكەڵاو بۆ لێپێچینەوە لەچەكدارانی داعش لەكوردستان، دووەمیان بەرپرسیارێتی تاوانی تاكەكەسی لەبەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەچوارچێوەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا.
ئازاد وەڵەتبەگی، لەپانێڵی دووەمدا وتی:»دوای تێپەڕبوونی نزیكەی نۆ ساڵ بەسەر تاوانەكانی داعش هێشتا هیچ هەوڵێكی جددی نییە بۆ پەلكێشكردنی تاوانبارانی داعش بۆ بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەكان، بۆ دادگایی كردنی تۆمەتبارانی داعش دەبێت پەنا ببەینە بەر دادگای نێودەوڵەتی كە ئەوەش رێكارەكانی قورسەو پێویستی بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشەو كاتی زۆری دەوێت، كەڕەنگە بەهۆیەوە بەشێك لەبەڵگەكان لەناوبچن».
وتیشی:»ئەگەر عێراق بیەوێت تۆمەتبارانی داعش دادگایی بكرێت دەبێت داوا لەداواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات كە لەتاوانەكانی داعش بكۆڵێتەوە، كە ئەمەشیان هەر قورسەو پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەوێت، چونكە دەبێت بچێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ئەگەری نزیك لەواقیع دادگای تێكەڵاوی نێودەوڵەتییە بۆ دادگاییكردنی تۆمەتبارانی داعش، پێویستە هەرێمی كوردستان وەك قوربانییەكی دەستی داعش بەشێوەیەكی كارا رۆڵی هەبێت و هەوڵبدرێت لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقیشەوە بكرێت بەپڕۆژەیەك».
هەر لەپانێڵی دووەمدا، د.حەسەن مستەفا، لەبارەی بەكارهێنانی درۆن لەجەنگەكاندا وتی:»بەكارهێنانی درۆن لەیاسای نێودەوڵەتیدا هیچ دەقێكی یاسایی نییەو لەكاتی بەكارهێنانیدا جگە لەسەربازان خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج، ئەمەش جەنگ دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، وەك ئەوەی توركیاو ئێران بەرامبەر كورد بەكاریدەهێنن».
وتیشی:»یەكەمجار ئەمریكا وەكو بەرگری رەوا لەدوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر پەنای بردەبەر بەكارهێنانی ئەم جۆرە چەكە، بەڵام ئەم جۆرە چەكە مەترسی یەكجار گەورەی هەیە، قەبارەی بچوكەو ماددەی ژەهراوی و سوتێنەری تێدایە بۆیە توێژەرانی نێودەوڵەتی پێیان وایە دەبێت بخرێتە چوارچێوەی چەكە قەدەغەكراوەكان، بێگومان هیچ رێككەوتنامەیەكی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبەكارهێنانی چەكی درۆن نیە، جگە لەوەش درۆن بەزەیی نییە و لەلایەن ئامێر یاخود مرۆڤەوە لەشوێنێكی دیكەی ئاڕاستە دەكرێت و بەوەش زۆركات بەهەڵە ئامانجی دیكە دەپێكێت ئەوەش دوورە لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی».
شارۆ شاهۆ _ لێپرسراوی پەیوەندیەكانی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی( KCIL) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ناوەندەكەمان ناوەندێكی كوردستانی ئەڵمانییە، ناحكومی و ناسیاسی و ناحزبییە، لەساڵی 2021 لەشاری نۆرنبێرگ لەئەڵمانیا دامەزراوە، تایبەتە بەلێكۆڵینەوەو بنكۆڵكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان لەهەمبەر مافی پێكهاتەكانی كوردستان و دۆزی كوردستان، هەروەها پاراستن و پێشخستن و چەسپاندنی بنەما گشتییەكانی مافەكانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان».
وتیشی:»ئەمساڵ پڕۆژەیەكمان هەبوو لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر چۆنیەتی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان، كە یەكێكە لەهەرە بابەتەكان بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرێك لەتاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان روویانداوە، پێویست دەكات لەڕێگەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتییەوە دادگایی تاوانبارانی بكرێت».
شارۆ شاهۆ، دەشڵێت:» ئەمساڵ دووەم كۆنفرانسیان تایبەت بووە بەو پرسەو كۆمەڵێك یاساناس و ئەكادیمی و دادوەریان بانگهێشتكردووە و گفتوگۆی جددی كراوە بۆ لۆبیكردن سەبارەت بەناوخۆییكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان، چونكە لەدادگاكانی عێراق و هەرێم پشت بەیاسا ناوخۆییەكان بەستراوە لەدادگاییكردنی تۆمەتبارانی داعش».
لێپرسراوی پەیوەندیەكانی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، باس لەوەدەكات ناوەندەكە لەڕێگەی وەرگێڕانی چەند پەرتوكێك و لەڕێگەی ماڵپەڕەكەیان دەیانەوێت هەوڵی چڕ بدەن بۆ گرنگیدان بەیاسا نێودەوڵەتیەكان، بەردەوامیش دەبن لەلۆبیكردن بۆ ئەو بابەتە لەڕێگەی كونسوڵی وڵاتان و پەیوەندی لەگەڵ دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان.
لەو پەرتوكانەی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی كوردی (پەیماننامەی سێیەمی جنێڤ پەیوەست بەمامەڵەكردن لەگەڵ زیندانیانی جەنگ، بنەڕەتنامەی رۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، مافی منداڵان لەسیستەمی دادپەروەری منداڵدا، كردە زیانبەخشەكان، مافی یەكسانی بەردەم دادگاكان و دادگاییەكی دادپەروەرانە، دەربارەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی)ن.