حەماس: مەرجی گفتوگۆ بۆ ئازادی بارمتەکان راگرتنی تەواوەتی جەنگە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێکخراوی حەماس لە راگەیاندنێکدا ئەمڕۆ پێنج شەممە ،رایگەیاند تا جەنگ کۆتای نەیەت هیچ گفتوگۆیەک  ناکەن بۆ ئازادی بارمتە ئیسرائیلەکان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەڵێن:" حەماس مەرجێکی داناوە بۆ کۆتایی هێنانی جەنگ، کە جێبەجێ ناکرێت".

لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ تشرینی یەکەم، ٢٤٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی و بیانی بە بارمتە گیراون و هێشتا ١٣٣ هاوڵاتی ئیسرائیلی دیلی دەستی حەماسن و حەماس بەو مەرجەی جەنگ کۆتایی پێ بێت، ئامادەیە گفتوگۆ بکات بۆ ئازادکردنیان.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل لای وایە راگرتنی جەنگ لە ئێستادا و کۆتایی هێنانی جەنگ، دەرفەتدانە بە حەماس بەوەی خۆی رێکبخاتەوەو نێتانیاهۆ سوورە لە سەر بەردەوامی هێرشەکان هاوکات بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە تا ئێستا نزیک ٢٠ هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و مناڵن.

رۆژی پێنج شەممە ١٢ی کانوونی یەکەم، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی ناوچەکەوە ئەوەی بڵاو کردەوە، وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە ئیسرائیلیان راگەیاندووە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ١ی ٢٠٢٤ جەنگ کۆتایی نەیەت، ئەم وڵاتانە یارمەتییە مرۆییەکانی خۆیان بۆ کەرتی غەزە رادەگرن.

بە پێی ئەم راپۆرتە، وڵاتانی عەرەبی رایانگەیاندووە ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت بۆ درێژماوە لە کەرتی غەزە بمێنێتەوە، ئەرکی ئیسرائیل و ئەمریکایە یارمەتی مرۆی بگەیەننە ئەو ناوچەیە.

ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاوبۆوە کە ژمارەیەک لە بەرپرسان و میدیاکانی ئیسرائیلی لە ماوەی رابردوودا وتوویانە، وڵاتانی کەنداو و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، لە دانیشتن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی بە نهێنی بە ئیسرائیلیان وتووە تا کۆتایی بە حەماس نەهێنێت، جەنگ رانەگرێت.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار