ناتانیاهۆ بۆ حەماس: یان دەبێت خۆتان بەدەستەوە بدەن یان دەبێت بمرن

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی حەماس دەداتەوە و دەڵێت، جەنگ بەردەوام دەبێت هەتا سەردەکەون و چەکدارانی حەماس "یان دەبێت خۆتان بەدەستەوە بدەن یان دەبێت بمرن."

رۆژی پێنجشەممە 21ی کانونی یەکەمی 2023 تاهیر ئەلنونۆ، راوێژکاری سەرۆکی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، حەماس "ئامادە نییە دانوستان لەسەر ئازادکردنی بارمتەی زیاتر بکات هەتا ئیسرائیل کردە دوژمنکارییەکانی نەوەستێنێت بۆ سەر غەززە و رێ بە هاوکاری زیاتری مرۆیی نەدات."

راوێژکارەکەی سەرۆکی حەماس باسی لەوەش کردووە، کە "پرسی بارمتەکان دەبێت دوای ئەو دوو شتە باسیان لێوە بکرێت، ناتوانین دانوستان لەسەر شتانێک بکەین لەکاتێکدا ئیسرائیل لە کردە دوژمنکارییەکانی بەردەوامە، گفتوگۆکان دەبێت دوای راگرتنی شەڕ دەستپێبکەن."

لە وەڵامی ئەمەدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، "ئێمە جەنگ دەکەین تا سەرکەوتن، جەنگ ناوەستێنین هەتا هەموو ئامانجەکانی نەپێکێت کە ئەوانیش لەناوبردنی حەماس و گەڕانەوەی هەموو بارمتەکانە."

بنامین ناتانیاهۆ وتیشی چەکدارانی حەماس هیچ چارەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە دەبێت "یان خۆتان بەدەستەوە بدەن یان بمرن، چیتر غەززە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل."

ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆیتەرز بڵاویکردووتەوە کە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس، سەردانی میسری کردووە بۆ دانوستان لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری تا ئاگربەستێکی تر ئەنجام بدرێت. 

هاوکات گۆڤاری پۆڵەتیکۆی ئەمریکی رایگەیاندووە کە ئەمریکا دەڵێت دانوستانی "زۆر جدی" لەسەر ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە لەئانوساتدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار