حزبی نوێ، لەنێوان پێویستیو زیـادکردنـی ژمـارەدا
11 مانگ لەمەوپێش
د.جەعفەر عەلی
پێویستیمان بەحزبی نوێ هەیە؟
حزب و وەزیفەی حزب لە کوردستاندا وەک هەر شتێکی دیکە، وەک ئیدارە، وەک چەمکی دامەزراوەی نیشتمانی، وەک تێگەیشتن لەمانای نەتەوەو کۆمەڵگەی مەدەنی، وەک خودی نیشتمان خۆی و پیرۆزییەکانی نیشتمان، شێوێندراوە.
حزب لەنیشتمانی ئێمەدا بۆ ئەوە نەهاتووە تا لەڕێی سیاسەتەوە خزمەتی ژیانی گشتی کۆمەڵگە و چاکەی گشتی بکات، بۆ ئەوە هاتووە ئەو مانایانە بشێوێنێ و خزمەت بەگروپ و کاستێکی سیاسی بکات. حزب بۆ ئەوە نەهاتووە پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فۆرمی ململانێ رێکبخاتەوە و لەملشکاندنەوە بمانگوازێتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی ململانێ بەشێوەیەکی دروست، بۆ ئەوە هاتووە ببێتە بەشێک لەدرێژەدان بەهەڵتەکاندنی پەیوەندییەکان و تۆخکردنەوەی ململانێی نادروست، هەڵتەکاندن و وێرانکردنی ئەوەی کەدوژمن بەهەموو هێزی خۆیەوە نەیتوانی وێرانی بکات. حزب چ لەشاخ و چ لەشار، بۆ ئەوە نەهاتووە تا خەمی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەو پەروەردەی سیاسی بکاتە بنەما و وەک پرەنسیپ کاری بۆ بکات، هاتووە تا لەناو ئەو پەراوێزی دیموکراسییەو لەناو گۆمی تەڵخی سیاسەتدا بەئاراستەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی، کۆنتڕۆڵی جوگرافیا و سامانی گشتی بکات، تەمی سەر پەیوەندییەکان ئەستورترو خەڵکیش لەهەر گۆڕانکارییەکی ریشەیی، لەدیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵگە، لەشەڕکردن بۆ دەستکاریکردنی سیستەم و ئینتیما بۆ نەتەوەو نیشتمان ساردترو بێئومێدتر بکات. حزبی کوردی لەسەرەتایدا بۆ هەر مەرامێکی سیاسی و نیشتمانی هاتبێت، سەرەنجامی کارەکانی رێک پێچەوانەی گوتارە تیۆری و پرۆگرامە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی بووە، هێندەی حزبی هەڵتەکاندن و وێرانکردنی کۆمەڵگە بوون لەناوەوە، هێندە هێزی دروستکردن و بونیادنان نەبوون.
مێژووی حزبی کوردی، مێژووی پاوانخوازی، سڕینەوەی جیاوازی، بەرتەسککردنەوەی رووبەرەکانی ئازادی و دابەشکردنی نیشتمان بووە بەسەر نفوزو دەسەڵاتی بچووک و لۆکاڵیدا. ئەوەی دەیڵێم، نە پاساوە بۆ سیستەمی تۆتالیتێری بەعس و دیکتاتۆرێکی وەکو سەدام، نە تۆمەتبارکردنی حزبەکانی کوردستانە بەتاوانی بەشداری لەئەنجامدانی جینۆساید، بەڵام کاتێک ئێمە قسە لەئەنفال و کیمیاباران دەکەین، تاچەند راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ رووداوو کارەساتێکی مرۆیی و نەتەوەیی گەورە دەکەین و کۆی رەهەند و دیوەکانی دەرەوەی بەعس و ستەمی سەدام و دەسەڵاتە فاشیستەکەی وەک خۆی و بابەتییانە دەبینین. هەر قسەکردنێک لەتراژیدیای ئەنفال و کیمیاباران بەبێ تێپەڕبوون بەناو راڕەوەکانی سیاسەتی کوردی و حزبە سیاسییە چەکدارەکانی کوردستان، قسەکردنێکی تاکڕەهەندو نابابەتی و یەکلایەنە دەبێت. مادام دوو لایەن، دوو بەرەی دژ بەیەک لەجەنگدان، هەر رووداوێک لەجوگرافیا و رووبەرەکانی ململانێی سەربازی نێوان ئەم دوو بەرەیەدا رووبدات، بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوەی زیاتر لەڕاستی رووداوەکان، دەبێ هەر دوو بەرەکە بهێنرێنە ناو جوگرافیاو زەمەنی رووداوەکەوە. بەباوەڕی من ئەوە ئەو دۆخ و حاڵەتە ترسناکەی خوێندنەوەی مێژوو و رووداوە، کە تائێستا زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆکانی ئێمە ئازایەتی ئەوەیان نەبووە، وەک چۆن میتۆدی لێکۆڵینەوەی زانستی و پرەنسیپی بابەتیبوون لەنووسینی ئەکادیمیدا دەخوازێت، دەستی بۆ بەرن.
حزب و بزووتنەوەی سیاسی لەکوردستان، تایبەت لەبەشەکانی باشورو رۆژهەڵاتیدا وایلێهاتووە، هەر چوار کەس لەحزبێک نیگەران بوون، گلەیی و رەخنەیان هەبوو، بیر لەدروستکردنی لیست و دامەزراندنی ئاراستەیەکی سیاسی و چوونە ناو ماڵێکی سیاسی نوێ بکەنەوە، یان پێیانوابێ بوونی ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری و گەورەیی رێژەی بایکۆت و سووتاندنی دەنگ لەلایەن دەنگدەرانەوە لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا (١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١)، نیشانەی ئەوەیە دەبێ حزبی تازەیان بۆ دروستبکرێت و لەماڵێکی سیاسی بەناو جیاوازتردا کۆبکرێنەوە، بێئاگا لەوەی ئەم تێگەیشتنە بۆ حزب و کاری حزبی، بووە بەهەڵەیەکی باو لەژیانی سیاسی کۆمەڵگەی ئێمەدا. حزب نابێت پەرچەکردار بێت لەبەرانبەر گلەیی و رەخنە لەماڵێکی سیاسی دیاریکراو، نابێ شەڕی شەخسی و کۆنەقین بێت و لەژێر ناوی حزبەوە درێژەی پێبدرێت. حزبی نۆرماڵ دەبێت لەناو پێداویستییە کۆمەڵایەتی و دۆخە بابەتییەکەوە بێتەبوون، نەک بڕیارو سەرگەرمی گروپ و تاقمێکی دیاریکراو، ئەوە پێویستی سیاسی و کۆمەڵایەتییە مانا بە بوون و لەدایکبوونی حزبی نوێ دەدات، نەک لە دەرەوەی ئەو پێداویستییانەوە، تەنیا وەک وەڵامدانەوە بەڕەوتی ناڕەزایەتییەکان، دروستکردنی حزبی ئامادە و پاکەتی، وەک تاکە بژاردە پێشکەش بەکۆمەڵگە بکەین.
لەم قسانەدا مەبەستمان نییە بڵێین، هاتنی حزب و بزووتنەوەی سیاسی نوێ کارێکە نابێت دەستی بۆ ببرێت و بکرێت، یان پێمانوابێت نابێ حزبی نوێ بێتە بوون، بەڵکو مەبەستمانە بڵێین، ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەگەر پێویستی بەدروستکردنی حزبی نوێش هەبێت، کاتێک پاساوەکانی ئەم دروستکردنە بابەتی و لۆژیکی دەبن، کە ئەو پێویستییە توانای تێرکردنی رۆحی هەولێرو دهۆک و کەرکوکیشی هەبێت، واتە چیتر فۆرمی لۆکاڵیبوون و مۆرکی ناوچەیی ناسنامەی سیاسی نەبێت، حزبێک بێت هێزی تێپەڕاندن و تێکشکاندنی سنورە لۆکاڵییەکەی دەسەڵاتی سلێمانی و دەوروبەری سلێمانی هەبێت، تێپەڕاندن مانای بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی و ئەنجومەنی پارێزگاکان نییە لەچەند هەڵبژاردنێکدا، بەڵکو مانای پەروەردەکردن، ئامادەکردن و بەگەڕخستنی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەیە لەکاتی بوون و بەردەوامی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
ئۆپۆزیسیۆنێک لەماوەی ١٠ ساڵدا، هێزی دروستکردنی رووداوێکی لەهەولێر و دهۆک نەبێت، جیاوازی چییە لەگەڵ ئەو دیاردەیەی، کەبیرمەندی سعودی، عەبدوڵڵا قەسیمی سەبارەت بەعەرەب ناوی ناوە، دیاردەی دەنگی (الظاهرة الصوتیة). وەک چۆن دەسەڵات بەرپرسیارێتییە، ئۆپۆزیسۆنبوونیش، بەرپرسیارێتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە، بەکارهێنانی میکانیزمەکانی فشارکردن و پەروەردەکردنە، نەک هاوار هاوارو دەنگە دەنگ، نەک فڕێدانی قسەی بازاڕی و بەتاڵ. لەسیاسەتی کوردیدا، حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن وەکیەک قسەکەرن، هاوار دەکەن، دەنگەدەنگ و ژاوەژاو دروست دەکەن، تاسەرەنجام ئەوەی کەدەیڵێن، (قەسیمی) وتەنی، وادەزانن کردوویانە، بەجۆرێک کارێکی مەزن و باش نەماوە نەیانکردبێت، تا بیکەن.
خراپترین رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، راهێنانی خەڵکە لەسەر خۆخاڵیکردنەوە، بەبێ ئەوەی ئەم خۆخاڵیکردنەوەیە هۆشیاری و ئاگاییەکی خۆناسی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەپشتەوە وەستا بێت. لێرەوە هەر هێزێکی نوێ بچێتەوە ناو هەمان بازنەی ئەوەی تائێستا بەردەوامی هەیە، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، جگە لەنائومێدییەکی قوڵتر، جگە لەداڕوخانێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی دی، ناتوانێت هیچی دیکە بەرهەمبهێنێت. لەدۆخی لەم جۆرەدا، لەفۆرمێکدا کە هێڵە گشتییەکانی سیاسەت لەناو هەمان ترادیسیۆن و کولتوری پەروەردەی سیاسیدا بێت، دروستکردنی حزبی نوێ، جگە لەزیادکردنی ژمارەیەک بۆ سەر ژمارەی حزبەکانی دی، هیچی دیکە نابێت. ئەوەیشی لەدروستکردنی فۆرمی سیاسی لەم جۆرەدا سوودمەندی یەکەم دەبێت، هێزەکانی دەسەڵات و درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی ئەو هێزانەیە، گەورەترین زەرەرمەندیش بەرەی ناڕازی کۆمەڵگەو خانە کۆمەڵایەتییەکانی دەبێت.
لەباوەڕی مندا، دۆخی ئێستای هەرێم بۆ ئارامگرتن و دەرفەت پێدان گونجاوترە تادروستکردنی حزبی سیاسی نوێ. گونجاوتر دەبێت ئارام بگرین و دەرفەتی گەورەتر بەناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە جەماوەری و پیشەییەکان بدرێت باشتر گوزارشت لە خۆیان بکەن و زیاتر پشتیوانی لەڕێکخستنیان بکرێت، شانبەشانی ئەوەش هەوڵی بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی بدرێت، نەک لە ناو حیزبی نوێ و ململانێی سیاسی نادروستدا لەمەنگەنەی عەقڵی چەند کەسێک و گروپێکی سیاسی دیکە بدرێت. من لەوە تێدەگەم و دەشزانم ئەم ناڕەزایەتییانەی لەهەرێمی کوردستان هەن، هێشتا تەواو نەچوونەتە بازنەی هۆشیاربوون بەمافی کۆمەڵایەتی و پیشەیی، ئاگاداری ئەوەش هەم، ناڕەزایەتییەکان پارچە پارچە، لۆکاڵی، بێهێزو بێکاریگەری گەورەن، مەبەستمە بڵێم، هێشتا ناڕەزایەتییەکان بەچەندین هۆکار، چاوەڕوانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەریان بۆ هیچ توێژێکی پیشەیی و کۆمەڵایەتی لێناکرێت، بەڵام هێشتا لەبری ئەوەی لەچوارچێوەی حزبی سیاسیدا نزیک لەمەرگیان بکەینەوە، باشترە بەشێواز و فۆرمی جیاجیا پشتیوانی بکرێن و هەوڵی باشتر رێکخستن و دەرفەتی گەورەتری گوزارشت لەبوون و ناسنامەی کۆمەڵایەتی و داکۆکی لەمافی یاسایی و پیشەیی خۆیان پێبدرێت.
بایەخی حزبی سیاسی دەزانم، پێویستی بوونیشیان هەست پێدەکەم، بەڵام ئەوە لەکاتێکدا گرنگە، کە حزب هۆشیار بێت بە وەزیفەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی خۆی، حزب هاوشانی دامەزراوەکانی دیکەی کۆمەڵگە، هێزی جوڵە بە مێژوو و کۆمەڵگەی هەبێت، نەک مێژوو و کۆمەڵگە لەجوڵە بخات، نەک ببێتە ژمارەیەکی پاسیڤ و دەزگایەکی پەککەوتوو بەتەنیشت ژمارە سیاسییەکانی دیکەوە و خەریکی کارو کەسابەت و بزنس بێت بۆ خێزان و بنەماڵەو کاستێکی سیاسی. راستییەکەی هێشتا لەو بیدعە کوردییە، تایبەت لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، تێناگەم، ئەوە چییە وا دەکات مادام رۆژگارێک لەشاخ بووین، یان چەند ساڵێک لەحزبێک، یان دەزگایەکی نوێنەرایەتیدا کارمان کرد، دەبێت حزبیشمان هەبێت. بۆ دەبێت هەمیشە پێمانوابێت کۆمەڵگە و خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، دەبێت حزبی سیاسی رابەرو رێپێشاندەری بێت، لەبوونی حزبدا هەین و لە نەبوونیشیدا نین. حزبێک، بزووتنەوەیەک، جوڵانەوەیەکی کوردی نییە بەکۆن و تازەیەوە، بەدەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتەوە، بانگەشەی ئەوە نەکات دەتوانێت خاوەندارێتی و نوێنەرایەتی کۆی کۆمەڵگە بکات. نزیک بەهەشتا ساڵە کۆمەڵگەی ئێمە ئەم ئەزموونە حزبی و ئەو تێزی هەڵلوشینی ناڕەزایەتییە لەقاڵبی حزبیدا تاقیدەکاتەوە بەبێ ئەوەی سەرکەوتوو بووبێت، بەبێ ئەوەی توانیبێتی ئەنجامی سیاسی گرنگ لەئاستی گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی بەدەستبهێنێت، ئەی چی دەبێت ئەگەر لێبگەڕێین بۆ چەند ساڵێکی دی، بەبێ هێنانی حزبی نوێ بژین، کۆمەڵگە خۆی بخاتە بەردەم ئەزموونی ناحزبییەوە و لەدەرەوەی ماڵی حزبی سیاسییەوە، چەند دەتوانێت ماڵی خۆی رێکبخات، بزانین حزبە کۆنەکان و ئەوانەی لەئێستادا هەن، دەتوانن هەموو کۆمەڵگە قوتدەن، یان کۆمەڵگە بەجێیاندەهێڵێت و دەیانکات بەبەشێک لەمێژوو.
خۆم سەر بەتێزی دەرفەتدان بەناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لەدەرەوەی حزبی سیاسیدام، دەرفەت بەکۆمەڵگە و هێزە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانی بدرێت باشتر بەدوای بوون و ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا بگەڕێن و روونتر خۆیان بدۆزنەوە. ناڕەزایەتی و رۆحی یاخیبوونە کۆمەڵایەتییەکان لەدرێژەی رەوتی ناڕەزایەتییەکانیاندا بەبێ ئەوەی بیریان لێکردبێتەوە خۆیان لەشوێنێکدا بدۆزنەوە. لەوانەیە باشترین نموونەی ئەو ناڕەزایەتییانە، ئەو شۆڕشانە بن، ناوی شۆڕشی عەرەبییان لێنرا. خۆسووتاندنی (ئەلبوعەزیزی) لەتونس، پێشنیارو بڕیاری پێشوەختەی حزبێکی سیاسی نەبوو، بەڵام بوو بە کڵپەی شۆڕشێک و عەرشی دەیان ساڵەی ستەمکارێکی وەک (زەینولعابدینی) ژێرەوژوور کرد، گەنجانی میسرو لیبیا، حزبێکی سیاسی دیاریکراو سەرکردایەتی نەکردن، بەڵام دەسەڵاتی موبارەک و قەزافییان کرد بەبەشێک لەڕابردوو، ئەزموونی سوریا چونکە درێژەی کێشاو حزبی سیاسی کەوتە جڵەوکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، وێڕای دەرچوونی دۆخی سوریا لەسنوری ناوخۆو بوونی بەمەیدانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بینیمان هەم ناڕەزایەتییەکان لەوێدا شکستیان خوارد، هەم دیمەشق بەرەو بەهێزبوونەوە هەنگاوینا.
تا چەندین ساڵی دیکەیش، دروستبوون و دامەزراندنی هەر حزبێک، بزووتنەوەیەکی سیاسی لەباشور بە تەنیشت حزبەکانی دیکەوە، بەبێ بوونی کەرەستەی تێپەڕاندنی ئەوانی پێش خۆی و هێنانی مۆدێلێکی نوێ لەکاری سیاسی، وەک بەڵایەکی سیاسی دیکە بەسەر شانی دۆخی گشتی و هاووڵاتیانی کوردستانەوە دەبینم. گرنگە لەدەرەوەی حزبی سیاسی، بیر لە ئاڵتەرناتیڤ و مۆدێلی دیکەی خۆڕێکخستن بکرێتەوە. بۆ دەبێت هەمیشە باوکێک، گروپێک، کە سەرەنجام گروپەکەش یان رۆڵی باوک دەبینێت، یان دەبنەوە بە باوکی تاقانە، لەسەرەوە وەک مێگەل ئاراستەمان بکات، جۆرێک لەئاراستەکردن، کۆی ئەزموونەکانی حزب و شۆڕش لەڕابردوودا ئەو راستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەی بۆ کەشف کردین، ئەویش داگیرکردنی هۆشیاری و بەرتەسککردنەوەی ئازادی فەردی ئەوانیدیکەیە، لەو شوێنەشدا کەپرۆسەی داگیرکردنی هۆشیاری دەستپێدەکات و بیرکردنەوە و رای ئازاد لەمەنگەنەی عەقڵی باوک و کاستی سیاسی و سیاسەت دەدرێت، ئیدی حزب، باوک، کاستی سیاسی، جگە لەبەڵایەکی نوێ بەسەر شانی کۆمەڵگەوە شتێکی دیکە نابێت، جگە لە درێژەپێدانی یارییەکە بە هەمان ریتم و نەغمەی سیاسی کۆن، ئومێدێکی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێت.
ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان
کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی نوێ لە ٢٠٠٩ هاتەبوون، خودی ئەوانەی پێماندەگووترا گۆڕانخوازو هەڵسوڕاوی گۆڕان، کەمترین هۆشیاریمان بەپرۆسەی گۆڕانکاری بەگشتی و گۆڕانکاری سیاسی بەتایبەتی هەبوو، کەمترین زانیاریمان لەبارەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و ئەرک و مافی یاسایی ئۆپۆزیسیۆن لەکایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەبوو، کەچی بەئارەزوو، بەکەمترین پاشخانی مەعریفی بەزانستی سیاسەت، ململانێی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی، گەرەکمان بوو رادیکاڵانە دونیای سیاسەتی کوردی بگۆڕین و هۆشیاری کۆمەڵایەتی مرۆڤی کوردی بەرینەسەر. ئێمە کە لەبەرانبەر دوو حزبی دەسەڵاتدار، خاوەن میلیشیای حزبی، ئیدارە، پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا وەستابووینەوە، بەڵام نەماندەویست، یان پێشینەی مەعریفیمان هێزی ئەوەی پێنەدەداین، تا لەمانای ململانێی سیاسی و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لەکۆمەڵگەی کوردی تێبگەین، کۆمەڵگەیەک هەموو شتێکی جیاواز بوو لەکۆمەڵگەیەکی ئاسایی، کە سیاسەت و ململانێی سیاسی تێیدا بەشێوەیەکی نەرم و دیموکراسیانە جوڵە دەکات. کۆمەڵگەیەکی داڕزێنراو لەڕووی دەروونی، ئیرادە، پەروەردەو خودناسییەوە، ئێمە لەکۆمەڵگەیەکی وەهادا، دروشمی گۆڕانمان کردە پرەنسیپ، بەبێ ئەوەی هیچ میکانیزمێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، مەعریفی گونجاو بۆ ئەو گۆڕانکارییە گرنگە بەکاربهێنین، واتە تەواوی ئەو پرەنسیپ و قوڵاییە مەعریفییەی کە بۆ گۆڕان لەپنت و گۆشەیەکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەکدا پێویستە، ئێمە لێی بێئاگابووین، یان نەمانتوانی کاری بۆ بکەین. لەبری ئەوە، توڕەیی، زبری، هاوارو قیژە قیژ، هەندێجاریش داکۆکی و پشتیوانی لەناهەقی و زێدەڕۆییمان کردە ستانداردو وەک ئاڵتەرناتیڤی کۆی میکانیزمە عەقڵانییەکان پشتمان پێبەست، ئیدی کۆمەڵگە تا زیاتر گوێی لەهاوارو قیژەی تۆ دەبوو، تۆش گەورەتر دەنگدانەوەی هاوارەکانی خۆت دەبیست، واتە هاوارێکی ناهۆشیارانە بەگۆڕانکاری ریشەیی و دیزاینکردنەوەی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیتوانی جێگە بەدەیان رستەو بۆچوونی عەقڵانی و لۆژیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێژ بکات.
بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەم بۆچوونە، پەنا بۆ گفتوگۆی برادەرێکی ئەکادیمی و زانکۆیی دەبەم. برادەرێکی زانکۆیی لەڕستەیەکداو بەحەماسێکی دڵسۆزانەوە پێیگووتم، پێڵاوێکت لەسەرۆکی پەرلەمان نەگرت!. رستەیەک ئەوساو ئێستایش بۆ من جێگەی دەیان پرسیار، سەرسوڕمان و بیرلێکردنەوەیە. من کە خۆم لەناو بازنەی یەکەمی ئۆپۆزیسیۆن و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا بووم، دەمزانی لەو کاتەدا تێگرتنی پێڵاوێک بە ئاراستەی سەکۆی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەتکات بەچ قارەمانێکی باڵۆنی، بەڵام نایشارمەوە پرسیاری وەها لەو کاتیشدا، نەک باوەڕم پێینەبوو، بەڵکو ئازاری دەدام، ئازارێک بەزمانێکی سادەو رەوان پێیدەگووتین: ئێمە هێشتا بۆ پرۆسەی گۆڕانکاری بێ ئەنداز ناکامڵ و نائامادەین. بەحوکمی بەشداری لەپرۆسەکە، لەو کاتەدا دژ بەوەها کارێک نەدەوەستامەوە، بەڵام قەناعەتم وابوو ئەو رێگەیە، رێگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکەی گۆڕانکاری وەک پرۆسەیەک نییە، چونکە ئەوسا و ئێستایش وایدەبینم ڕێگەی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەهەرێم هێندە کارێکی ئاسان نییە پێڵاوی تێدا بکرێتە سیمبولی سەرکەوتن.
پرسیاری ئەو زانکۆییە دەشێ ئەو بنەما مەعریفییە ترسناکە بێت، دەهێنێت قسەی زۆری لەبارەوە بکرێت، دەتوانین لەڕێی ئەو پرسیارەوە دۆخی مەعریفی و زانستی، هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بەگۆڕانکاری بخوێنینەوە، دواتریش لەسیاسەت و گۆڕان وەک پرۆسەیەک لە کایەی کاری سیاسی و پەرلەمانیدا باشتر تێبگەین. من بەشبەحاڵی خۆم، نە ئەوسا و نە ئێستایش باوەڕم بەوە نەبووە، تێزی دەنگەدەنگ و پێڵاوتێگرتن بکەینە ناسنامەی هەمیشەیی سیاسەت و وەک بنەمایەکی ستراتیژی لەئۆپۆزیسیۆنبووندا لەگەڵیدا بژین، بەڵام باوەڕم بەو رستانە هەیە، کە لەپاشخانێکی مەعریفییەوە دێن و بەها بۆ پێڵاویش دادەنێن. تێزی پێڵاوو دەبە هاویشتن، تێزێکە هێندەی بەرهەمی بێئومێدی لەڕووبەڕووبوونەوەو ململانێی سیاسییە، هێندە ناتوانێت هیوایەکی راستەقینە بەرهەمبهێنێت، هێندەی بێئومێدی و تێنەگەیشتنە لەگۆڕان وەک پرۆسەیەک، مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم چەمکە وەک رووداوێک، سەرەنجامیش ئەم تێزە هیچ پەیوەندییەکی بەسیاسەتی عەقڵانی و کایەی زانستی سیاسەتەوە نییە. بۆ منیش هەموو جوڵەیەکی ناعەقڵانی، کە جگە لەبەلاڕێدابردنی پرەنسیپە بنەڕەتییەکە، کەچەمکی گۆڕان و گۆڕانکارییە، کەدیزاینکردنەوەو بونیادنانەوەی کۆمەڵگە و هەستانەوەیەتی، هەم وەک بەڵایەک بەسەر پرۆسە سەرەکییەکەو هەم وەک کۆسپێکیش لەبەردەم گۆڕانکاری دەبینرا. دەمەوێ بڵێم، ئێمە خەریکی جۆرێک لەمەشق و راهێنان بە عەقڵ و هۆشیاری گۆڕانخوازان بووین، تێیدا تارماییەکانی پرۆسەی قارەمانسازی ئیشی دەکرد؛ ببە بەقارەمان، ئیدی چۆن دەبیت گرنگ نییە، لەو پرۆسەیەشدا کێ لەڕووی ستراتیژییەوە زەرەر دەکات دیسان هەر گرنگ نییە. ئەم نیگا خستنەسەر پرسی قارەمانسازییە، کەدۆخی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕانخوازانی داپۆشیبوو، رەنگە کوشندەترین زیانی سیاسی بەرجەستەی گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و پرۆسەی گۆڕانکاریش لەکوردستان گەیاندبێت.
کۆمەڵگەی کوردی لەڕۆژگاری دروستبوونی گۆڕان و تائێستایش، بەشێوەیەکی گشتی نەک رەها، چاویان لەسەر سیاسەت وەک کردەیەکی عەقڵانی نییە، کەم ئاگان لەوەی سیاسەت وەک زانستێک، لانیکەمی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویستە، سیاسەت تەنیا بابەتی دەنگ بەرزکردنەوە و قیژەو هاوار نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لەفۆرمی پەیوەندییەکان، ئازادی، داڕشتن و پلان و بونیادنانەوە. دەتوانم بڵێم، لەوساوە بۆ ئێستا، تا توندتر هاوار بکەیت، تا زبرتر قسە بکەیت، تا بازاڕیانەتر قڕەقڕ بکەیت، رستەی بەتاڵ و بێناوەڕۆک فڕێبدەیت، بەهەموو هێزتەوە کارەکتەرێکی لێزان و شارەزای هونەری نمایشکردن بیت، کۆمەڵگە بەهێزەوە باوەشت بۆ دەکاتەوەو زیاتر قبوڵت دەکات. لێرەوە ئاراستەی جوڵە و قسەکردن و گفتوگۆ بۆ بردنەپێشی عەقڵ و هۆشیاری کۆمەڵایەتی خەڵک بەهیچ جۆرێک وەک بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی گۆڕان و دەستکاری پەیکەرەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە نەدەبینرا. ئەم ستایلی بیرکردنەوە و تێزی دەنگ بەرزکردنەوەی خاڵی لەهەر مەعریفەیەک، دەتوانێت بۆ قۆناغێک دەنگی ناڕازی و بێ ئومێد لەدەسەڵات بگرێتە باوەش، لەهەڵبژاردنەکان دەنگ کۆبکاتەوە، کورسی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بباتەوە، بەڵام هێزی بردنەوەی ئایندەو دڵنیایی لەئایندەی نابێت، تەنانەت نەک هێزی پێشاندانی جیاوازی لەگەڵ دۆخی پێش خۆی نابێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دیوی دووەمی ئەو کەلاوە سیاسییەی، کەدەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی ماوەی نیو سەدە زیاترە لەکوردستاندا دروستیانکردووە.
گۆڕانکاری بریتی نییە لەتەنیا بێهێزکردنی پارتی و یەکێتی، دونیای سیاسەتی کوردی بەڕۆیشتن، یان لاوازبوونی ئەم دوو حزبە سیاسییەو دوورخستنەوەیان لەدەسەڵات ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێ دەستکاری ئەو سەرزەمین و ژێرخانە سیاسی، فیکری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە بکرێت، کەدەسەڵات و نموونەی سیاسی لەم شێوەیەی دروستکردووە، واتە لەبری فۆکەس خستنەسەر تەنیا پارتی و یەکێتی، دەبێ فۆکەسیش بخرێتەسەر گۆڕینی دونیای کوردی بەگشتی. بڕوام وایە، تادونیای کوردی لەئاستی گشتیدا نەگۆڕین، هەر گۆڕان و گواستنەوەیەک لەدەسەڵاتی (ئەلیف)ەوە بەرەو (بێ)، هەر دەمانباتەوە ناو ماڵی (ئەلیف)، بەڵام لەبری (ئەلیف) ناوی (بێ)یە. دەستکاریکردنی دونیای کوردی کارێکی قورسە، پرۆسێسە، پرۆسێسیش جوڵەیەکی هێواش و هەنگاو بەهەنگاوە، نەک خێراو بەپەلە، واتە گۆڕان دەبێ لەڕووداو جیابکرێتەوە، گۆڕان ئارامگرتن و کاتی پێویستە، هەرچی رووداوە خێراو لەچرکەساتێکدا روودەدات، ئەوەی ئێمە بەناوی گۆڕانەوە بەدوایدا وێڵ بووین، بێ ئەوەی ئاگاداربین، بێ ئەوەی هۆشیاریمان دەرفەتی خوێندنەوە و تێگەیشتن بەپرۆسەکەمان بۆ فەراهەم بکات، رووداو بوو، نەک پرۆسێسی گۆڕان. هیچ گۆڕانێک لەدەرەوەی هۆشیاری و خودناسییەوە روونادات، هیچ گۆڕانێک لەدەرەوەی پەروەردەی سیاسی و دیموکراسیانەوە نایەتەبوون، دونیا بەهۆشیاری، بەعەقڵ، بیرکردنەوەی رەخنەیی و وەستانەوە لەبەردەم ئەگەرو پێشهاتە جیاوازەکان دەگۆڕێت، نەک بەگوتاری قین و دابەشکاری فریشتەو شەیتان.
بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەرچی تا ئەندازەیەک ئەو میکانیزمانەی کارکردنی لەبەردەستدا بوو، بەڵام نەیتوانی، یان بیری بۆ ئەو بابەتە ستراتیژی و کرۆکییە نەچوو، یان قورسایی سەرنجەکانی خستبووە سەر زۆری ژمارەی دەنگ و کورسی، بەهیوای روودانی پرۆسەی گۆڕان لەڕێی کاری پەرلەمانی و هەڵبژاردنەوە، بەڵام کاتێک بەئەزموون بۆمان دەرکەوت ئەو ستراتیژی گۆڕانکارییە، تێزێکی هەڵەیە و گۆڕانکاری لەژێر رەحمەتی تفەنگ و میلیشیای حزبی، خێزانی و بنەماڵەییدا، کارێکی نەکردەیە، هێشتا ئامادەیی بۆ دەستکاری بڕێکی کەم لەم تێزی گۆڕانکارییەمان نەبوو، لەوەش خراپتر دواجار پاڵدانەوە لەژێر سێبەری قورسی ئەو تفەنگە حزبی و میلیشیاییە بوو. لێرەوە تێدەگەین، گۆڕان وەک فەلسەفە، وەک پەروەردەو بردنەسەری ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە، نەبوو بەپرەنسیپ و ستراتیژ، بەڵکو هەمووان وەک پرسێکی کورتخایەن و تاکتیکی مامەڵەیان کرد.
هێزی سیاسی نوێ، هێزێک بەکردەوە چاوی لەسەر پێشاندانی جیاوازی بێت، بەرنامەی دابڕان و دەستکاری ترادیسیۆنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری هەبێت، دەبێ بە کردەوە ئەو جیاوازییە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ هێزەکانی پێش خۆی پێشانبدات، ئەگەرنا جگە لەگەورەکردنی ژمارە (دە) بۆ (یازدە) و (بیست) بۆ (بیست و یەک)، هێزی گۆڕینی هیچ پنت و گۆشەیەکی دیکەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی نابێت.