توركیا دان بەكوژرانی شەش سەربازی لەخواكورك دەنێت، پەكەكەش دەڵێت 36 سەرباز كوژراون
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری توركیا دان بەكوژرانی شەش سەربازیدا لەناوچەی خواكورك لەهەرێمی كوردستان دەنێت، بەڵام پەكەكە دەڵێت 36 سەربازیان كوژراوە و ناوی هەندێك لەسەربازەكانیشی بڵاوكردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگری توركیا ڕایگەیاند لەهێرشێكی گەریلاكانی پەكەكە بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی توركیا لەناوچەی خواكورك شەش سەربازیان كوژراوە و چەند سەربازێكیان برینداربوون، ئەوەشی خستووەتەڕوو هێرشەكە ئێوارەی هەینی ڕوویداوە و لەوەڵامی ئەو هێرشانەدا توركیا دەستیكردووە بە بۆردومانی پێگەكانی پەكەكە.
ئەوەش لەكاتێكدایە میدیای نزیك لەپەكەكە بڵاویكردووەتەوە: گەریلاكان ، لە شاخی شەهید قەهرەمانی سەر بە هەرێمی خواكورك، دوێنێ لە سێ لاوە هێرشیان كردووەتە سەر سەربازانی دەوڵەتی توركیا.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو: لەو چالاكییەدا ٣٦ سەربازی توركیا سزادراون و ١٧ چەكی داگیركەرانیش دەستی بەسەردا گیراوە.
میدیای نزیك پەكەكە ناوی بەشێك لەو سەربازانەی كوژراون بڵاوكردووەتەوە كە ئەمانەن ڕەمەزان گونای، مەحمود سەرینكان، چاغاتای ئەرەنۆغڵو، یاسین كاراجا، ئەمرە تاشكن و ئیسماعیل یازیجی.
ئەو پێكدادانەی دوێنێ لەكاتێكدایە، هەر ئەمشەو شەڕ لەنێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا لەناحیەی دێرەلوك سەر بە پارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان ڕوویدا و هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكانی شەڕەكە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام چەند ماڵێك بەهۆی شەڕەكەوە فیشەك بەر چەند ماڵێك كەوتوون.