مامۆستایانی ناڕازی بۆ پرسی مووچە گەیشتنەوە بەغدا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا ڕێگرییان لێكرا بۆ خۆپیشاندان بچنە بەغدا، بڕیارە سبەی بەشێك لە دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی لەسەر پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە و نەدانی مووچە و دانەمەزراندی مامۆستایانی وانەبێژ بچنە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئێستا گەیشتوونەتە بەغدا.
دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت : هاتنمان بۆ دووەم دانیشتنی ئەو سكاڵایەیە كە پێشتر تۆمارمان كردووە.
وتیشی: دەمانەوێت لەسەر پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی موچەپاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی كۆبینەوە تاوەكو دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ كێشەی مامۆستایان.
زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆكاری پێنەدانی موچەكانیان لە كاتی خۆیدا و ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندیان كردووە تا ئێستاش دیار نیە لە دووەم وەرزی خوێندن دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی خوێندكاراندا دەكەنەوە یاخودنا.