عێراق لەهێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر سەربازەكانی  نیگەرانە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە بۆردوومانەكەی سوپای ئەمریكا كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان كوژراوە و 18ـی دیكەش بریندار بوون، هاوكات سەركۆنەی هێرشەكەی كردووە و دەڵێت ئەوەی روویدا، كارێكی دوژمنكارانەی روونە و لە بەرژەوەندیی رێچكەی هاوبەشی درێژخایەن نییە بۆ هێنانە كایەی ئارامی و سەقامگیری.
 26ـی كانوونی یەكەمی 2023 نووسینگەی رۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی لە بارەی بۆردوومانكردنی چەند بنكەیەكی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لەلایەن سوپای ئەمریكاوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لەو هێرشانەدا كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان كوژراوە و 18ـی دیكە بریندارن، كە بەشێكیان هاووڵاتیی سیڤیلن.
 نووسینگەی رۆژنامەوانیی سوودانی دەڵێت: سەركۆنەی هێرشەكە دەكەین، كە تێیدا پێگەی سەربازیی عێراقی كراوەتە ئامانج و ئەوەی روویدا كارێكی دوژمنكارانەی روونە و لە بەرژەوەندیی رێچكەی بەرژەوەندیی هاوبەشی درێژخایەن نییە بۆ هێنانە كایەی ئارامی و سەقامگیری.  لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: ئەو بۆردوومانانەی سوپای ئەمریكا زیان بە پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت و رێگەی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەرێگەی دیالۆگی هاوبەشەوە، ئاڵۆز دەكات.
 نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت: حكومەت لە رێگەی هێزە ئەمنییەكانی و دامەزراوە دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەكانەوە بەرامبەر بەو كەسانە دەوەستێتەوە، كە هێرش دەكەنە سەر بارەگای نێردە دیپلۆماسیە بیانییەكان.
 هاوكات مایكڵ كوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا   رایگەیاند، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، سوپای ئەو وڵاتە بەیانیی سێشەممە، ژمارەیەك هێرشی ئاسمانیی كردووەتە سەر سێ  پێگەی سەر بە كەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەكدارەكانی دیكە، كە چاوەڕوان دەكرێت  ژمارەیەك چەكداری كەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا كوژرابن.
 دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، بە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریكی برینداربوون، كە برینی یەكێكیان سەختە. 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە هێرشی سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە هەولێر ئاگاداركراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن كردووە ئامادەكاری بكەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار