باڵیۆزی ئەمریكا: دەبێت هێرشكردنە سەرمان بوەستێنرێت

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند: هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق میوانی حكومەتی عێراقن و ئەو هێرشانەی كە ئاڕاستەیان دەكرێت بە هێرش بۆ سەر عێراق دادەنرێت و دەبێت ئەم هێرشانەی تاقمە تیرۆریستیەكان بوەستێنرێت.
ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس لەبارەی ئەو هێرشانەی لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لەهەولێر كراونەتە سەر بنكەی سەربازی و بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا رایگەیاند: جۆ بایدن سەرۆك كۆمار هیچ ئەولەویەتێكی زیاتر لە پاراستنی كارمەندانی ئەمریكی نادات كە لە ناوچە مەترسیدارەكاندا خزمەت دەكەن. 
باڵیۆزی ئەمریكا راشیگەیاند: هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق میوانی حكومەتی عێراقن، ئەو هێرشانەی كە ئاڕاستەیان دەكرێت بە هێرش بۆ سەر عێراق دادەنرێت و ئەم هێرشانەی تاقمە تیرۆریستیەكان دەبێت بوەستێنرێت.
لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا چەند گروپێكی چەكداری عێراقی كە نزیكن لەئێران دادەنرێن بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیانكردە چەند شوێنێكی هەولێر كە بنكەی سەربازی و بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكای لێیە كەیەكێكی لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێرەو بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریكا بریندار بوون كە برینی یەكێكیان سەختە.
هەر دوای هێرشەكانی ئەو گروپە چەكدارانە، ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-12-2023 بۆردومانی چەند پێگەیەكی چەند گروپێكی چەكداری عێراقی كە نزیكن لەئێران كردو بووە هۆی كوژرانی چەكدارێك و برینداربوونی 24 چەكدار و سەربازی عێراقی كە 10 یان سەربازی عێراقین.
ئەمجارە ئەمریكا چەند بنكەیەكی میلیشیا شیعەكانی لەنزیك بابل و واست كردە ئامانج و وێرانكارییەكی گەورەی لەو بنكانە جێهێشت، هەرزووش پنتاگۆن پشتڕاستیكردەوە كە چەند پێگەیەكی چەكدارانی نزیك لەئێرانیان لەعێراق كردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو هێرشەكان وەك وەڵامێك بوون بۆ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر فەرمانبەران و سەربازانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا لەلایەن ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، باسی لەوەشكردووە ئەو هێرشەی لەلایەن گروپێكی سەربەئێران كرایە سەر بنكەی هاوپەیمانان لەهەولێر بووەتە هۆی برینداربوونی سێ سەربازیان.
پنتاگۆن دەشڵێـت ئەمریكا نایەوێت ئاڵۆزیەكان لەناوچەكەدا زیاتر ببن بەڵام ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار