دەستەی ئاماری هەرێم: داهاتی ساڵانەی موەلیدە ئەهلیەكان 726 ملیار دینارە
لەهەرێم زیاتر لەحەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەیە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاند: لەهەرێم زیاتر لەحەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەیە كە كۆی داهاتی ساڵانەیان 726 ملیار دینارەو كۆی موچەی كارمەندانیشیان بۆ ساڵێك زیاتر لە 36 ملیار دینارە.
دەستەی ئاماری هەرێم روپێویەكی لەبارەی ژمارەی موەلیدە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان و داهاتی ساڵانەیان ئەنجامداوەو بەپێی روپێویەكەش كە لەساڵی 2021ەوە دەستیپێكراوە، لەهەرێمی كوردستان حەوت هەزارو 354 موەلیدەی ئەهلی هەیە كە لەكاتی نەبونی كارەبای نیشتمانیدا بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دادەنرێت كارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.
"لەهەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 311 هەزارو 598 هاوبەشی كارەبای موەلیدە هەیە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین هاوبەشی موەلیدەی هەیە كە 502 هەزارو 220 هاوبەشن و 38٪ی كۆی هاوبەشانی هەرێمە، لە پارێزگای هەولێریش 461 هەزارو 993 هاوبەش هەیە كە 35%ی هاوبەشانی هەرێمە، لەپارێزگای دهۆكیش 347 هەزارو 385 هاوبەش هەیە كە 27%ی رێژەی كۆی هاوبەشەكانە" دەستەی ئاماری هەرێم لە روپێویەكەیدا وا دەڵێت.
لەروپێوییەكەدا ئەوەشی ئاشكراكردوە: "خەرجی تێچوی موەلیدەكان لەساڵێكدا 14 ملیۆن و 909 هەزار دینارە، بەڵام كۆی داهاتی ساڵانەیان 726 ملیار دینارە، بەڵام كۆی موووچەی كارمەندانی موەلیدە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵێك 36 ملیار و 470 ملیۆن دینارە، بە تێكڕای مانگانەی 392 هەزار دینار هەژماركراوە بۆ هەر كارپێكەرێكی مولیدە".
دەستەی ئاماری هەرێم ئاماژەی بەنرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلیەكان كردوە لەپارێزگاكانی هەرێم كە پارێزگای هەولێر بە پلەی یەكەم دێت لەگرانی نرخەكان بەشێوەیەك بۆ ئەمپێرێك كەمترین نرخ پێنج هەزارو زۆرترینی 18 هەزار دینار بووە، بەڵام لە پارێزگای دهۆك شەش هەزار دینار كەمترین و 17 هەزار دینار زۆرترین بووە، كەمترین نرخیش لەپارێزگای سلێمانی بووە كە ئەمپێری دوو هەزارو زۆرترینی 17 هەزار دینارە بووە.
بەپێی روپێوییەكە 90%ی موەلیدەكان لە شارەكاندان و 10%شیان لە گوندەكاندان.