نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بەكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری مامۆستایان ڕوونكردنەوە دەدات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی نوێنەری مامۆستایانی هەرێمی كوردستان سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیان لەبەغدا كرد، نوسینگەی سەرۆكوەزیران ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە " سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە".
لەڕاگەیەندراوی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق هاتووە: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە نوێنەرانی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی عێراق ،لە کۆبوونەوەکەدا، گوێی لە پێشکەشکردنێکی گشتگیر گرت سەبارەت بە بارودۆخی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە پارێزگاکانی هەرێم و گرنگترین ئەو بەربەست و کێشانەی کە ڕووبەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی دەبنەوە و ڕێگاکانی باشترکردنیان لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بژێوی ژیانی مامۆستایان.
وەك نوسینگەی سەرۆكوەزیران ئاماژەی پێكردووە" سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە پێناو جیاکردنەوەی دۆسیەی مووچە لە هەر گرفتێک کە ڕووبدات لە دۆسیە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراق، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی کارکردن کرد لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی بەردەوامی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم".
"هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت دژی هیچ جوڵانەوەیەک نییە بۆ داواکردنی دەستەبەرکردنی مووچەی مامۆستایان لە هەرێم و دڵنیابوون لە بەردەوامی و سەقامگیری، هەروەها لە لوتکەی هەوڵەکانیدا گرنگی بە پاراستنی مافەکانی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق دەدات لە هەموو پارێزگاکانی وڵات و بەشێوەیەکی یەکسان". نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق وای نوسیوە.