بەرەی توركمانی داوای ژماردنەوەی دەنگەكانی كەركوك دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق، داوای ژماردنەوەی كورسییەكانی كەركووك لە سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، پێشی وایە ستەم لەبەرەكەیان كراوە.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 26-12-2023، نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لەپەرلەمانی عێراق لەنوسراوەكەدا  داوادەكات دووبارە كورسییەكانی كەركووك هەژماربكرێنەوە، دەشڵێت "دەمەوێت باری سەرنجتان بۆ پرسێكی گرنگی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك رابكێشم، لە شیكردنەوەمان بۆ ئەنجامەكان دەركەوتووە كە جیاوازییەكی گەورە لە دابەشكردنی كورسییەكان هەیە لە نێوان لیستەكان، بەتایبەتی لیستی بەرەی توركمانی عێراق."
 بەوتەی ئەرشەد ساڵحی "لیستی بەرەی توركمانی، نزیكەی 74 هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام تەنیا یەك كورسی پیاو و كورسییەكی كۆتای ژنی بۆ تەرخانكراوە، لەكاتێكدا لیستی دیكە هەیە بە كەمتر لەو دەنگانە هەمان كورسی، یان زیاتری هێناوە."
 ئەو سەركردەیەی بەرەی توركمانی داوا دەكات رەزامەندی بدەن لەسەر دووبارە ژماردنەوەی دەستبەجێی دەنگەكان، باس لەوەشدەكات "ئەو ستەمە لە دابەشكردنی كورسییەكان هەڵبگرن پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن  دادپەوەر و بێگەرد بێت، بۆ گەرەنتی نوێنەراتییەكی راستەقینەی دیموكراسی، هیوادارن رێكاری پێویست بگرنەبەر  بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و راستكردنەوەی دۆخەكە." 
 بەگوێرەی ئەنجامی كۆتایی كۆمیسیۆن، هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە (یەكێتی) 157 هەزار و 649 دەنگی بەدەستهێناوە و پێنج كورسیی بردووەتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستانیش 52,278 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو كورسیی بردووەتەوە. 
 هاوپەیمانیی عەرەبی 102 هەزار و 558 دەنگی لە كەركووك بەدەستهێناوە و سێ كورسیی بردووەتەوە. 
بەرەی توركمانی 75,169 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو كورسیی لە كەركووك بەدەستهێناوە. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار