حکومەتى هەرێم: هێرشەکەى شەوى رابردو حکومەتى فیدراڵ لێی بەرپرسە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردوى شارى هەولێر رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ هێرشەکە تیرۆریستییە و حکومەتى فیدراڵیش بە بەرپرس لەو هێرشانە ناودەبات.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئهمڕۆ یهكشهممه له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، كاتژمێر 11:45 خولهكی شهوی رابردو بە دو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر ،کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتەوە، "ئەو هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێدەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
شەوی رابردوو، 30-12-2023، کاژێر 11:45 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێ کەوتەوە.
ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە.
ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.
لەکاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن.
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین.
خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.
