وتەبێژی حكومەتی عێراق: وتەبێژی حكومەتی هەرێم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی بیرچوەتەوە

لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم  تۆمەتی ناڕاست و نابەرپەرسیارانەی لەخۆگرتوەو درۆی بێ بنەمای تێدایە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی حكومەتی عیراق وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی دایەوەو رایگەیاند: لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم  تۆمەتی ناڕاست و نابەرپەرسیارانەی لەخۆگرتوەو درۆی بێ بنەمای تێدایە، بەتایبەت تۆمەتی برسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێم، ژمارەی پارەداركردنە فەرمییە داراییەكانی بیرچوەتەوە، بەشاهیدی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.  
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 31-12-2023 لەبارەی هێرشە درۆنیەكەی شەوی رابردوی سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگە لەپیرمام رایگەیاند"ئێمە ئەو لایەنانە و حكومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆكانەیە، چونكە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حكومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێدەدرێت و چەكدار دەكرێن و بە بەرچاوی حكومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەكەن و چەك و موشەك و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەكەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەكان".
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق بەڕاگەیەنراوێك وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی دایەوەو رایگەیاند:"سەرمان سوڕماوە لە لێدوانەكانی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، چونكە تۆمەتی ناڕاست و نابەرپەرسیارانەی لەخۆگرتوەو زانیاری تێكەڵ و درۆی بێ بنەمای تێدایە، بەتایبەت تۆمەتی برسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێم".
وتەبێژی حكومەتی عیراق هەر لەوەڵامەكەیدا ناردنی موچەی فەرمانبەرانی بەبیر وتەبێژی حكومەتی هەرێم هێناوەتەوەو دەڵێت: ژمارەی پارەداركردنە فەرمییە داراییەكانی بیرچووەتەوە، بەشایەتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان". 
وتیشی، "پەلەكردن لە بڕیاردان دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر دەكات لەگەڵ سیاسەت و بەرنامە نیشتیمانییەكەی حكومەتی عێراق یەكناگرێتەوە، چونكە بەغدا پابەندە بە بەرگریكردن لە بەرژوەندی سەرجەم عێراقییەكان بەبێ جیاوازی و ئەركی حكومەتی عێراقیشە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری سەرتاسەری وڵات بكات" وتەبێژی حكومەتی عێراق وای وت.
وتیشی:  حكومەتی عێراق رێكاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرش و بۆردومانەكان، بەڵام لێدوانی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی دروستكردن بۆ لێكۆڵینەوەكان بەتایبەتی كە هێزە ئەمنییەكان بەهەماهەنگی حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە دەكەن و حكومەتی عێراقیش دژی هەموو جۆرە هێرش و بۆردومانێكە لە هەرێمی كوردستان بێت یان شارەكانی تری عێراق و كاریش بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكان و رادەستكردنیان بەیاسا دەكات بۆ ئەوەی سزا بدرێن".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار