ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە: هێرشەكان درۆنیەكان كاریگەری لەسەر ئاسایش و ئابوری هەرێم دەبێت
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات هێرشە دۆرنیەكان بۆ سەر هەرێم دەبێتە مایەی تێكچونی دۆخی ئاسایشی هەرێم و كاریگەری لەسەر گەشتی فڕۆكە مەدەنیەكان لەفڕۆكەخانەی هەولێر یان راگرتنی تەواوی هاتنی هەندێك فڕۆكەی كۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ هەولێر دەبێت، تەنانەت ئەگەر هێرشەكان بەردەوامبێت رەنگە كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان كارەكانیان لەهەرێم رابگرن.
جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم هۆشداری دەدات لە زیادبونی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو هێرشە درۆنیانەی ماوەیەكە دەكرێتە سەر پارێزگای هەولێر، بەهاوڵاتی وت "هێرشە دۆرنیەكان دەبێتە مایەی تێكچونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە رۆژانە هێرشەكان دەكرێت، كاریگەری دەرونیشی بۆ سەر دانیشتوانی هەولێر دەبێت، بەتایبەت دەنگی تەقینەوەی درۆنەكان لەناوچە نیشتەجێبونەكان و دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتیاندا دروست دەكات".
"هێرشە درۆنیەكان كاریگەری بۆ سەر هاتووچۆو گەشتی فڕۆكە مەدەنیەكانیش دەبێت لەفڕۆكەخانەی هەولێر یان راگرتنی تەواوی هاتنی هەندێك فڕۆكەی كۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ هەولێر" جەبار یاوەر وای وت.
ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی"هێرشە درۆنیەكان كاریگەری لەسەر ئابوری هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە زۆر كۆمپانیا كە لەهەرێم وەبەرهێنان دەكەن بەهۆی سەقامگیری دۆخی هەرێمەوە هاتون و لێرە وەبەرهێنان دەكەن، بۆیە ئەگەر هێرشە درۆنیەكان بەردەوامبێت رەنگە ئەو كۆمپانیایانە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاسایش بكەن و كارەكانیان رابگرن و كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕو ئابوری هەرێم دەبێت".
جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو"بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم توند بووە، وەڵامەكەی حكومەتی عێراقیش توندتر بوە، دیارە ئەوەش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆزكردوە".
لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازی هەرێمیش بۆ ئەو گروپانەی كە هێرشی درۆنی دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت "مافی هەرێمە بەرگری لەخۆی بكات و وەڵامی دەستدرێژیی هەر گروپێكی چەكداری بداتەوە، بەڵام بەومەرجەی لێوەی دیار بێت كە ئەو چەكدارانە لەكوێوە دەستدرێژی دەكەن".