ئێران دوای كوژرانی ساڵح عاروری:ڕەنگە ئاگرەكە گشت ناوچەكە بگرێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دوای كوژرانی جێگری مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات كە ڕەنگە ئاگرەكە گشت ناوچەكە بگرێت.
دوای سێ مانگ شەڕو بۆردومانی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و هێزەكانی حەماس، دواجار ئیسرائیل توانی لەناو جەرگەی بەیروتی پایتەختی لوبنان، ساڵح عاروری جێگری مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەڕێی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە بكوژێت.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، عاروری تەمەن 57 ساڵ، بەیەكەمین سەركردەی سیاسی باڵای ئەو بزووتنەوەیە ئەژمار دەكرێت كە لەدوای 90 رۆژ جەنگی بەردەوام، لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە بكوژرێت.
لە ماوەی رابردودا، حەسەن نەسروڵای سكرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی بزووتنەوەی حەماس و نزیك لەئێران هۆشداریدابویە ئیسرائیل ئەگەر لەناو خاكی لوبنان ، كەسایەتییە سەربازی و سیاسییەكانی حەماس تیرۆر بكەن ئەوا حزبوڵا بەتوندی وەڵامیان دەداتەوە.
دوابەدوای تیرۆركردنی ئەو سەركردە باڵایەی حەماس، لەئێوارەی رۆژی سێشەمە 2-1-2024 حزبوڵای لوبنانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو وتی"هێزەكانمان لە نزیك ناوچەی مەرج، بەموشەك هێزێكی ئیسرائیلییان كردوەتە ئامانج".
 هاوكات ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە، رایگەیاند"رەنگە ئاگرەكە گشت ناوچەكە بگرێت".
سوپای ئیسرائیلیش دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كوشتنی ئەو سەركردەی حەماس، لەڕێی ئەدمیرال دانیال هاگاری وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند"گرنگترین بابەت كە پێویستە بەم شەوە درەنگە بیڵێم، ئەوەیە كە بەوردی چاودێری هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو دەكەین و گشت هێزو توانامان خستۆتەگەڕ بۆ جەنگی حەماس و لەوپەڕی ئامادەباشیداین".
ساڵح عاروری بەیەكێك لەدامەزرێنەرەكانی كەتائیبی عزەدین قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت و ئیسرائیل تۆمەتباری كردبوو بە یەكێك لە نەخشەداڕێژەكانی هێرشی ئەو بزوتنەوەیە لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023دا كە لەو رۆژەوە تائێستا 1200 هاوڵاتی ئیسرائیلی كوژران و نزیكەی 240 كەسی تریشیان بەدیلگیراون لەلای چەكدارانی حەماسن لەكەرتی غەزە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار