لەمەراسیمی ساڵیادی قاسم سولەیمانیدا تەقینەوە رویداو دەیان كەس كوژران و بریندار بوون
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ چوار شەممە 3-1-2024 لە ڕێورەسمێكدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی كوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری كرمان، دوو تەقینەوە رویانداوەو بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پارێزگای كرمانیش تەقینەوەكان لەڕێی بۆمبی چێنراوەوە بوون.
ماڵپەڕی میهر لەبارەی تەقینەوەكەوە بڵاویكردەوە "بەهۆی تەقینەوەكانەوە كە لەڕێگای گۆڕستانی شوهەدای شوێنی بەخاكسپاردنی قاسم سلێمانی رویانداوە، 81 كەس كوژران و 173 كەسی دیكەش بریندار بوون".
هاوكات ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران ئاشكرایكردوە كە تەقینەوەكان لەڕێی ريمۆت كۆنترۆڵەوە ئەنجامدراون و تەقینەوەی یەكەم كاتژمێر 2:50 خولەك و تەقینەوەی دووەمیش 3:17 خولەك رویانداوە.
"بەشداربوانی رێوڕەسمەكە زۆرن و رێگاكان داخراون و دەنگی تەقینەوەكەش زۆر گەورە بووە" بەڕێوەبەری مانگی سووری كرمان وا دەڵێت.
تەلەفیزیۆنە حكومییەكانی ئێران دیمەنی رێوڕەسمەكەیان بڵاوكردۆتەوە كە خەڵك ترساون و توشی دڵەڕاوكێ بوون.
قاسم سلێمانی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس، لەدایكبووی شاری كرمان، رۆژی 3-1-2020 لەلایەن نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لەئەنجامی بۆردومانێكدا كوژرا.