ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكانی كرمانی ئێران زیاد دەكات
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكانی كرمانی ئێران زیادیكردو زانیارییەكانیش ئەمریكاش تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە تەقینەوەكانی كرمان لەلایەن داعشی خوارسانەوە ئەنجامدراوە.
محەمەد سابیری، بەرپرسی بەشی فریاكەوتنی كرمان رایگەیاند"بەرەبەیانی ئەمڕۆ 6-1-2024 دوو برینداری دیكەی تەقینەوەكەوەی كرمان لەنەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوەو ژمارەكە گەیشتوەتە 91 كەس".
ئاژانسی تەسنیمی سەر بەسوپای پاسداران رۆژی چوارشەممەی رابردوو كە تەقینەوەكمان رویاندا، رایگەیاند" بەهۆی تەقینەوەكانەوە 103 كەس كوژراون"، بەڵام ژمارەیەك میدیای تر ئەوەیان بڵاوكردبویەوە كە بەهۆی تەقینەوەكانەوە 88 كەس كوژراون و زیاتر لە 280 كەسی تریش بریندار بوون.
رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی كوژراوەكان رۆژی هەینی 5-1-2024 بەڕێوەچوو، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، لەڕێوڕەسەمەمەدا قسەیكردو لەوتارەكەیدا "بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتەڕوو، باسی لەوە كرد داعش دروستكراوی ئەمریكاییەكانە".
هاوكات حسێن سەلامی بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران، لەڕێوڕەسمەكەدا وتی"تۆڵەی كوژراوەكانی تەقینەوەكەی كرمان بەر لە شەهیدبوونیان سەندراوەتەوە".
دوای ڕێوڕەسمەكەش، وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد"یەكێك لەو كەسانەی لەم تەقینەوەیەدا، خۆی تەقاندۆتەوە خەڵكی تاجیكستانە، بەڵام هێشتا ناسنامەی كەسەكەی تر دیار نییە".
"بەگشتی 12 كەس پەیوەندیدار بەهێرشەكە لە شەش پارێزگای ئێران دەستگیركراون" وەزارەتی ئیتلاعات وا دەڵێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو كە دەستگیركردنی كەسەكان لە ئێوارەی رووداوەكەوە دەستیپێكردوەو بەرەبەیانی پێنج شەممە دوو كەس كە كاری لۆجستیكی تەقینەوەكەیان لەئەستۆ بووە لەنزیك كرمان دەستگیركراون.
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئەمریكییەوە باسی لەوە كردوە كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان و لە لایەن ئەمریكاوە پشتڕاست كراونەتەوە، داعشی خواراسان، لقی داعش لە ئەفغانستان، تەقینەوەكانی ئەنجامداوە.
ئەم دووسەرچاوەیە كە نەیانویستووە ناویان بڵاوبكرێتەوە رایانگەیاندوە"زانیارییەكان روون و ئاشكران و سەلمێندراون".
داعش رۆژی پێنج شەممە لە راگەیەنراوێكیدا بەرپرسارێتی تەقینەوەكانی كرمانی گرتە ئەستۆو رایگەیاند "دوو كەس خۆیان تەقاندۆتەوە"، بەڵام ئاماژەیان بەداعشی خوراسانی نەكردبوو.
دوای تەقینەوەكانی كرمان، لەیەكەم راپۆرتی سەرچاوە حكومییەكان باس لە دوو جانتا دەكرا كە لەڕێی دوورەوە تەقێندراونەتەوە، تەنانەت ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بەسوپای پاسداران و ماڵپەڕی ئیرنا، ماڵپەڕی فەرمی كۆماری ئیسلامی، لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە هەرچەشنە خۆتاقاندنەوەیەكیان رەتكردەوە.