ئیسرائیل: زانیاریی وردمان لە بەردەستدایە ئێران مەشق  و راهێنانی بە حەماس کردووە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی یەکشەممە ٧-١-٢٠٢٤ سپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەزگای هەواڵگری سوپا بەڵگە و زانیاری وردی لە بەردەستدایە کە ئێران مەشقی بە حەماس کردوە بۆ دروستکردن و تەقاندنی مووشەک و هەروەها چەک و چۆڵی گەیاندۆتە ئیسرائیل.

بە پێی  راپۆرتێک کە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست رۆژی یەکشەممە ٧-١-٢٠٢٤ بڵاوی کردۆتەوە، سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات بەڵگەی تەواوی لە بەردەستایە کە ئێران هاوکاری حەماسی کردووە بۆ دروستکردنی مووشەکی دوور مەودا و هەروەها ئێران چەکی گەیاندۆتە دەست حەماس.

ئەم راپۆرتەی ئەرتەشی ئیسرائیل لە کاتێکدا بڵاو ئەبێتەوە  کە ئیسرائیل توانیویەتی دەست بە سەر تۆنێلێکی ستراتیژی گەورە لە ناوچە دەڕاج تووففا بگرێت لە باکووری غەزە لە چەند رۆژی رابردوودا.

دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی دەست بەسەر ئەو تۆنێلە ستراتیژییەدا بگرێت، هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک شارەزای بواری سەربازی بردۆتە شوێنەکە بۆ شیکردنەوەی ئەو مووشەکە مەودا دوور و وردانەی کە لەوێ دۆزراونەتەوە بەو مووشەکانە چەند جار ئیسرائیل کراوەتە ئامانج.

لەو راپۆرتەدا کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، سوپای ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە چ نیشانەیەک لە مەشق و راهێنانی ئێرانییەکان لە دروستکردنی ئەو چەکانەدا کەوتۆتە دەست ئیسرائیل، بەڵام لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک چەک دەستی بەسەردا گیراوە کە هێمای ئێرانی یان وشەی فارسیان لەسەر بووە.

 ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار ئەکات کە هاندەری حەماس بووە بۆ ئەوەی رۆژی ٧-١٠-٢٠٢٣ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لایان وایە بە فەرمانی ئێران ئەم کارە کراوە.

دوای کوشتنی رەزی مووسەوی فەرماندەی باڵای سپای پاسداران لە سووریا، رەمەزان شەریف وتەبێژی سپای پاسداران هێرشێ ٧-١٠-٢٠٢٣ وەک تۆڵە سەندنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی ناوبرد. رەمەزان شەریف رۆژی چوارشەممە ٢٧-١٢-٢٠٢٣ رایگەیاند "تۆفانی ئەلئەقسا" تۆڵە سەندنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی بوو لە ئەمریکا و ئیسرائیل.

هەرچەند دواتر حەماس ئەوەی بە درۆ خستەوە کە تۆفانی ئەلئەقسا لە تۆڵەی خوێنی قاسم سلێمانیدا بووبێت و بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام باس لە سەربەخۆ بوونی حەماس و هێزە بریکارەکانی خۆیان لە ناوچەکە دەکەن، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا چەند جار بە ئاشکرا ئەوەیان راگەیاندووە گرووپە بریکارەکانی سەر بە ئێران کە ئێران بە بەرەی بەرگری ناویان دەبات لە لایەن ئێرانەوە پڕچەک ئەکرێن و راهێنانیان پێدەکرێت و بە فەرمانی ئێران چالاکی ئەکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار