بەرپرسێکی باڵای حزبوڵای لوبنان کوژرا

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمرۆ دووشەمە 8/1/2024 ، حزبوڵای لوبنانی کووژرانی فەرماندەیەکی سەربازی  خۆی  بە ناوی"ویسام حەسەن " ناسراو بە "جەوادلە ئەنجامی بوردومانێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەی مەرجەعیون لە باشووری لوبنان راگەیاند.

ئاژانسەکانی هەواڵی لوبنانیش ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە ئەنجامی هیرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی دەبشە کە 11 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە ، دوو کەس کوژراون .

هێرشەکەش لە رێگەی فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی سەر بە سوپای ئیسرائیلی ئەنجام دراوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە "ویسام حەسەن" سەر بە یەکەی رەزوانی حزبوڵایە.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە ، کە بەرپرسە کوژراوەکەی حزبوڵا، فەرماندەیەکی مەیدانی چالاکییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بووە لە باشووری لوبنان و کوژرانی ویسام حەسەنی بە لێدانێکی کەمەر شکێن بۆ حزبوڵای لوبنانی وەسف کردووە.

لەلایەکی ترەوە هەر ئەمرۆ دووشەمە ، سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند ، فرۆکە جەنگییەکانی چەن هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر ژێرخانی حزبولا و چەند بنکەیەکی سەربازی سەر بەو بزووتنەوەیە ئەنجام داوە.

لەم بارەیەوە "ئەفیخای ئەدرەعی"، وتەبێژی سووپای ئیسرائیل رایگەیاند ، هێزەکانمان لە وەڵامی هاویشتنی تۆپێکی دژە تانک بەرەو شاری کریات شمونا ، هێرشیان کردۆتە سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان.

ئێوارەی دوێنێش ، "هێرتس هالیفی " سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیلی لە لێدوانیکی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئیسرائیل دانیستوانی باکووری ووڵات دەگەرێنێتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان ، جا ئەم کارە چ بە گووشار خستنە سەر حزبوڵا بکرێت یان لە رێگەی جەنگێکی دیکە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیەدا.

لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نیوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل و هێرشی هەمەلایەنەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە ، حزبوڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل ناوە ناوە بە تۆپ و فرۆکە و فرۆکەی بێفرۆکەوان بوردومانی یەک دەکەن و ئەمەش بۆتە مەترسییەک بۆ تەشەنە سەندنی جەنگەکە بۆ ناوچەکانی دیکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار