زانیاری نوێ لەبارەی ئاگرەكەی نەخۆشخانەی دیوانیەو گیانلەدەستدانی ژمارەیەك منداڵ
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاگر لەنەخۆشخانەی منداڵبونی پارێزگای دیوانییە كەوتەوەو بەهۆیەوە چوار منداڵ خنكان و نزیكەی 20 كەسی تریش بریندار بوون.
ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند"رووداكەوە بەهۆی شۆرتی كارەباوە لەئامێرەكانی ئەو كۆمپانیایەی كە خەریكە نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكەیە روویداوە".
وتیشی "ئاگرەكە لە دەرەوی قاوشی نەخۆشخانەكە بوەو دوای هاتنە ناوەوەی دوكەڵ بۆ ناو قاوشەكانی نەخۆشخانەكە كارمەندەكان بە پەلە نەخۆشەكانیان گواستۆتەوەو لە ئەنجامی ئاگرەكەشدا چوار منداڵی تازە لەدایكبوو كە نەخۆشی سییان هەبووە گیانیان لەدەستداوە".
لە لای خۆیەوە مانگی سووری عیراقی ئاشكرایكرد"لەئەنجامی ئاگركەوتنەكەو چڕی دوكەڵ لە قاوشەكانی ناو نەخۆشخانەكە، 150 منداڵی تازە لەدایكبوو لەگەڵ 190 هاوەڵی نەخۆش لە نەخۆشخانەكە رزگاركراون و گواستراونەتەوە".
دوابەدوای رووداوەكەش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانیدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەو داوایكرد كە كەسانی كەمتەرخەم دەستبەجێ دەستلەكاركێشانەوەیان پێبكرێت و روبەڕووی یاسا بكرێنەوە.