موقتەدا سەدر: ئامادەنیم دووبارە بەشداری لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا بكەمەوە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕەتیدەكاتەوە بگەڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئیدانەی بەردەوامی بڵاوبونەوەی گەندەڵی لەوڵاتدا دەكات، دەشڵێت مەبەستم لایەنێكی دیاریكراو نییە، هەموان یان گەندەڵن یان هاوپەیمانن لەگەڵ گەندەڵكاران، تەنانەت ئەوانەی كە ماوەیەك پێش ئێستا داوای چاكسازییان كردوە یان هاوپەیمانی چاكسازیی بون.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر درەنگانی شەوی ڕابردوو لەبارەی گەڕانەوەی بۆ نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق پەیامێكی لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوكردەوەو نوسیویەتی"ئامادەنیم دووبارە بەشداریی پرۆسەی سیاسی لەعێراق بكەم، بەتوندی ئیدانەی بەردەوامی بڵاوبونەوەی گەندەڵی لەوڵاتدا دەكەم".
سەدر ئەوەشی خستوەتەڕوو، "دوای كشانەوەی لەپڕۆسەی سیاسی و حكومەتێك كە بە"گەندەڵ" ناوی بردوە، بەردەوام شكست، دواكەوتن، ژێردەستەیی، هەژاری، ستەمكاریی بەسەر ملی هەژاران، بڵاوبونەوەی تیرۆری میلیشیایی و وازهێنان لەماف و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ داگیركەر زیاتر بوە".
"مەبەستم لایەنێكی دیاریكراو نییە، هەموان یان گەندەڵن یان هاوپەیمانن لەگەڵ گەندەڵكاران، تەنانەت ئەوانەی كە ماوەیەك پێش ئێستا داوای چاكسازییان كردوە یان هاوپەیمانی چاكسازیی بون" موقتەدا سەدر لەپەیامەكەیدا وا دەڵێت.