سێ ئەندامی دیكەی حزبوڵای لوبنان دەكوژرێن
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیسرائیل دوای رۆژێك كوشتنی فەرماندەیەكی حزبوڵا، لەڕێی هێرشی ئاسمانییەوە سێ ئەندامی دیكەی ئەو حزبەی كوشت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری لوبنانی نزیك لە حزبوڵاوە، ئاشكرایكرد"لەمیانەی هێرشێكی سوپای ئیسرائیدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك، سێ ئەندامی حزبوڵای لوبنانی كوژراون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی كوژراوەكان ئاشكرا نەكراوە".
هێرشەكەی ئەمڕۆ رۆژێك دوای كوژرانی ویسام حەسەن ئەلتەویلی فەرماندەی ناو هێزەكانی رەزوانی یەكەی تایبەتی سەر بە حزبوڵا دێت لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەی لە باشوری لوبنان.
لەئەنجامی بوردومانی نێوان حزبوڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیلیدا تا ئێستا نزیكەی 176 لوبنانی كە 130 كەسیان سەر بە چەكدارو ئەندامەكانی حزبوڵان كوژراون و نزیكەی 76 هەزار كەسی دیكە ماڵ و حاڵی خۆیان لەسەر سنوری ئیسرائیل و لوبنان بەجێهێشتووە.
لە بەرانبەریشدا بەپێی ئاماریكی سوپای ئیسرائیلی 14 كەس لە ئەنجامی بوردومانەكانی حزبوڵای لوبنانی كوژراون كە 9 كەسیان سەربازن.
لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە دوابەدوای هێرشێكی چەكدارەكانی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل كە بوە هۆی كوژرانی سەدان كەس و بە بارمتەگرتنی دەیان كەسی دیكە لەلایەن ئەو بزوتنەوەیەوە، سوپای ئیسرائیلی هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر ئەو بزووتنەوەیە لە كەرتی غەزە دەست پێكردو كۆمەڵگەی نێودەڵەتیش ترسی فراوان بوونی جەنگەكەی لێنیشتووە بۆ جەنگێكی هەرێمی گشتگیر، بەتایبەتیش كە گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە لوبنان و عێراق و یەمەن ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەو جەنگە راگەیاندووە.