ئێران لەناو سنوری ئاوی عێراق دەستبەسەر پاپۆڕێكی بازرگانیدا دەگرێت
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران لە ناو سنوورە ئاوییەكانی عێراقدا دەستی بەسەر پاپۆڕێكی بازرگانی تەنزانیدا گرت و دوای داگرتنی ئاڵای تەنزانیاش ئاڵای ئێرانیان لە سەر پاپۆڕەكە بەرزكردەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەش كە میدیا عەرەبیەكان بڵاویانكردوەتەوە، هێزە دەریاییەكانی ئێران بە پێنج بەلەمی جەنگی، لەكاتی داخڵبونی پاپۆڕە بازرگانییەكە بۆ ناو سنورە ئاوییەكانی عیراق چواردەوریان گرتوەو دوای داگرتنی ئاڵای تەنزانیا، ئاڵای ئێرانیان لە سەر پاپۆڕەكە بەرزكردۆتەوە.
ئەم رووداوەش لە كاتێكدایە كە كێشەو ململانێكانی ئێران لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان گەیشتۆتە لوتكەو گروپی حوسییەكانی نزیك لە ئێرانیش لە ماوەی پێشوودا كێشەو تەگەرەیان بۆ ئەو پاپۆڕانە دروستكردبوو كە بەدەریای سووردا تێدەپەڕین كە ڕێڕەوێكی گرنگی بازرگانی جیهانییە، وڵاتانی جیهانیش ئێرانیان بەهاندانی حوسییەكان تۆمەتبار كردبوو، بەڵام ئێران هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوەو بێئاگایی خۆی لەو جۆرە كارانە راگەیاند كە لە لایەن حوسییەكانەوە بەرامبەر پاپۆڕەكان دەكران.
ئێرانيەكان ئەوەشیان راگەیاندبوو ئەو گروپە چەكدارانە خۆیان بڕیار لەسەر چۆنییەتی بەرنامەو كارەكانیان دەدەن، كە ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بۆ كارو چالاكییەكانی گروپە چەكدارەكانی ناو عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنانی نزیك لە ئێران و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەوە .