ئێران ناوی بەرپرسی سەرەكی تەقینەوەكانی كرمان ئاشكرا دەكات
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی ئیتیلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسی سەرەكی تەقینەوەكانی شاری كرمانی ئاشكرا كرد كە كەسێكی بەڕەگەز تاجیكستانییە.
وەزارەتی ئیتیلاعاتدا لەبارەی ئەنجامدەری سەرەكی تەقینەوەكەی كرمان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەداوە "نەخشەداڕێژەری سەرەكی ئەو تاوانەی كە كرایە سەر شاری كرمان، كەسێكی بەڕەگەز تاجیكستانییە بە ناوی (عەبدوڵڵا تاجیكی) كە ناوێكی خوازراوە".
"ئەم كەسە لەگەڵ ژن و مناڵێك لە مەرزەكانی باشووری ووڵاتەوە، بەشێوەیەكی نایاسایی و لەڕێگەی قاچاخەوە داخڵی خاكی ئێران بووەو پاشان هاتووە بۆ شاری كرمان و لە دەوروبەری ئەو شارەدا خانوویەكی بە كرێگرتووە" وەزارەتی وەزارەتی ئیتیلاعات وا دەڵێت.
وەزارەتی ئیتیلاعات ئەوەشی روونكردۆتەوە "ئەم كەسە جگە لەوەی خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی كارە تیرۆریستییەكەی كردووە، هەر خۆیشی بۆمبەكانی درووستكردووەو شارەزاییەكی تەواوی لە درووستكردنی بۆمب و تەقەمەنیدا هەیەو دوابەدوای رێكخستنی كارەكانی و داڕشتنی پلانێكی تۆكمە بۆ ئەنجامدانی كارە تیرۆریستییەكەی شاری كرمان، دوو رۆژ بەر لە ئەنجامدانی ئەو كارە ئێرانی جێهێشتووە".
لە چوارەمین ساڵیادی كووشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، دوو تەقینەوەی بەهێز شاری كرمانی ئێرانیان هەژاند كە لە ئەنجامدا بە دەیان كەس كوژران و بریندار بوون.