ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: هاوپەیمانان 25%ی پارەی مووچەی پێشمەرگەیان كەمكردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ئەمریكا هاوكارییەكانی بۆ مووچەی پێشمەرگە كەمكردوەتەوەو لە ساڵی 2026دا سفر دەبێتەوەو بڕینی هاوكارییەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر وەزارەكەیان و دەبێت حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو كەمكردنەوەیە بكاتەوە. 
لیوا ڕوكن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە "یاداشتنامەیەكی تێگەشتنمان هەیە لەنێوان پەنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حكومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێك 20 ملیۆن دۆلارو چەندین چەك و ئەجهیزات ومەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوكاریە ماددیەكان كەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026دا سفر دەبێتەوە."
وتیشی "كەمكردنەوەكە سزا نیە، بەڵكو بەپێی ئەو لێكتێگەشتنەیە كە هەیە لە نێوانماندا."
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ساڵی 2016 ئەنجامدراو لە مانگی 10ی 2022 نوێكرایەوە، بەپێی لێكتێگەشتنەكە پەنتاگۆن مانگانە 20 ملیۆن دۆلارو چەندین چەك و ئەجهیزەی جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشكەش بەهێزە هاوبەشەكانی پێشمەرگە دەكات و هاوكاردەبێت لە یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 و دروستكردنی هێزی پێشمەرگەیەكی هاوبەش.
هاوكارییەكانی ئەمەریكا بەكاردەهێندرێن بۆ دابینكردنی مووچەی نزیكەی 54 هەزار پێشمەرگە كە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، كەمكردنەوەی ئەو هاوكارییانە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لیوا ڕوكن بەختیار دەشڵێت " كەمبوونەوەی هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، كاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەك و ئەجهیزاتەكانی پێشمەرگە، بڕینی هاوكارییەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقیش."
ئەمنیداری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستوەتەڕوو "دەبێت وەزارەتی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەم بوونەوەیە".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار