ڕۆڵی میدیا لە خزمەتی ژینگەدا
10 مانگ لەمەوپێش
مەعروف مەجید
لە کورترین پێناسەدا هاتووە، میدیای ژینگەیی، ئەو میدیایەیە کە هەوڵدەدات ئامانجەکانی پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی پلانێکی میدیاییەوە دابڕێژێت، میدیای ژینگەیی ئامرازێکە کاردەکات بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکە ژینگەییەکان، بڵاوکردنەوەی کولتوری ژینگەیی، بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی، بنیاتنانی یان تێگەیشتن لە بارودۆخی دەوروبەر، و دروستکردنی کاریگەری لە داهاتوودا.
لە ئێستادا بابەتی ژینگەیی یەکێکە لە هەرە بابەتە گەرمەکانی ڕۆژ، چەند پرسێک لە سەر ئاستی جیهان، ڕاگەیاندن و ڕای گشتی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، دوای جەنگ و تیرۆر بابەتی ژینگە و گۆڕانی کەشو هەوا و کاریگەرییەکانێتی لەسەر مرۆڤ و جیهان.
کەواتە، بابەتی ژینگەش دەبێت یەکێک بێت لە بابەتە گەرمەکانی سەر پەڕەی ڕۆژنامەکان و کاپشن و هەواڵه بەپەلەکانی تیڤییەکان و بەرنامە گەرمەکانی ڕادیۆکان و دیزاینی تۆڕە کۆمەڵایەتی و سایتە ئەلیکترۆنیەکان.
لە کوردستانی لەمەڕ خۆمان، وێڕای بوونی نزیکەی ٤۰۰ دەزگای فەڕمی بینراو و بیستراو و خوێندراو، بەڵام هێشتا بابەتی ژینگە نەبۆتە خەمی گەورەی میدیایی.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، بابەتی مەترسییەکانی ژینگە بابەتێکی نوێیە بۆ کومەڵگەی کوردی، نەبوونی پاڵپشتی حکومی بۆ ناساندنی بابەتە ژینگەییەکان، نەبوونی میدیایەکی نیشتیمانی ، کەواتە هێشتا ژینگە نەبۆتە خەمی سەرەکی میدیا و حکومەت و تەنانەت خەڵکیش.
هەر چەندە لە مێژووی کاری ڕۆژنامەگەری سەدەی ڕابردوو بابەتی ژینگە ڕۆڵ و پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە، زاراوەی میدیای ژینگەیی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرکەوتووە و چەمک و بەکارهێنانی پەرەی سەندووە.
ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی میدیای ژینگەیی بکەین، زیادەڕەوی ناکەین ئەگەر بڵێین میدیای ژینگەیی هێشتا نامۆیە بە گۆڕەپانی میدیایی، بەو پێیەی ئەو بایەخەی نەبووە کە میدیای سیاسی یان تەنانەت وەرزشیش وەریگرتووە و ئەمەش وایکردووە زۆرجار بەهۆی ئەوەی کە میدیای ژینگەیی درەنگ لەدایک بووە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی تری میدیا، زۆر جار بابەتە ژینگەییەکان نیو هێندەی ڕیکلامێکی بازرگانی گرنگی پێنادرێت.
کەواتە، بۆ ئەوەی خەمی ژینگەیش وەکو سەرجەم خەمەکانی تر بچێتە ناو میدیای کوردییەوە، پێویستمان بە میدیایەکی نیشتیمانی هەیە بۆ گرنگی دانی تەواو بە بابەتە ژینگەییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەیمانی نیشتیمانی واژۆ بکەن بەبێ دەستکەوتنی قازانج بابەتی ژینگە بکەنە خەمی سەرەکی کەناڵەکانیان، پەیمان بدەن بە دانانی بەرنامەی ڕۆژانە، هەفتانە، مانگانە، هەروەها، دانانی پەیامنێری ژینگەیی، پڕۆگرامی جیاوازی ژینگەیی، درووستکردنی فاسیڵەی تایبەت و کورتە فیلمی ژینگەیی و دەیان بابەتی تر، کە لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنی کوردیدا بونیان نیە، هەش بێت زۆر بە لاوازی دەبینرێن.
لەم سەردەمی نائومێدییەش، چەند دەزگایەکی کەم ماون کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، خەمی ژینگە بە خەمی خۆیان دەزانن و ئامادەن کاغەزی ڕۆژنامەکان و شاشەی تیڤیی و ستۆدیۆی ڕادیۆکانیان بکەنە خزمەتی ژینگەوە.