دەزگای هەواڵگری ئەمریکا شوێنی یەحیا سنوار ئاشکرا دەکات

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمی " ئەمریکییان راگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا "سی ئای ئەی" خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری وردن لەبارەی بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس و شوێنی شاردنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و پێدانی ئەو زانیارییانە بە ئیسرائیل.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایم" هاتووە کە بە بڕوای دەزگای هەواڵگری ئەمریکا " یەحیا سنوار" لە ناو قووڵترین تونیلەکانی خان یونسدا لە باشووری غەزە خۆی حەشار داوە و دەستنیشانکردنی شوێنەکەی کاریکی ئاسانە ،بەڵام دەستگیر کردن یا کووشتنی لەبەر ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی وەک قەڵغانی مرۆیی لەدەوری خۆی هێشتۆتەوە کارێکی ئاڵۆز و سەختە  .

هەروەها سەرچاوەکان ئەوەشیان بە رۆژنامەکە راگەیاندووە ، کە دوابەدوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ، جەیک سۆلیفان ی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی لە ڕێی نووسراوێکەوە فەرمانی بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کردووە کە بە مەبەستی دەستنیشان کردن و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس ، تیمیکی تایبەت دروست بکەن .

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە پلە دووەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چالاکی و بەرنامەی ئەو بزووتنەوەیە دانانێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت جێگرەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بە ئامانج گرتن و لەناوبردنی فەرماندە و بەرپرسە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئەو بزووتنەوەیە ، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بزووتنەوەکە و بێهێزکردنی باڵە سەربازییەکەی ، بە تایبەتیش گەر بێتو ئیسرائیل بتوانێت "یەحیا سنوار" یان "موحەمەد زەیف"ی بەرپرسی باڵی سەبازی بزووتنەوەی حەماس دەستگیربکات یان بکوژێت.

هەروەک چۆن ئەمریکا لەبارەی کووشتنی "ساڵح ئاروری" جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە بەیروتی پایەتەختی لوبنان ، ئەوەی رەتکردۆتەوە هیچ جۆرە زانیارییەکی هەواڵگیری لەبارەی شوێنی مانەوەی ناوبراوەوە بە ئیسرائیل دابێت.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەرپرسیکی باڵای بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر نەکراوە ، بەڵام رەنگە زانییارییە هەواڵگرییەکی ئەمریکا یارمەتیدەرێکی باس بێت بۆ ئەو مەبەستە .

بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار چەکدار دەبن و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 ،ئیسرائیل بە ئەمریکای راگەیاندبوو کە پێیان وایە لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بزووتنەوەکە ، سێ بەشی ئەو چەکدارانەیان کووشتووە.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشێکی فراوانی کردە سەر ناوچەیەکی ئیسرائیلی و لە ئەنجامدا بە دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی بە بارمتە گرت و دەیانی دەیانی دیکەشی لێکووشتن ، دوابەدوای ئەو پەلامارەش سووپای ئیسرائیلی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەزەی مۆڵگەی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد و رایگەیاند ، تا کۆتایی هینان بە بزووتنەوەی حەماس جەنگەکە بەردەوام دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار