حووسییەکان جارێکیتر هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سوور
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە درێژەی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦-١-٢٠٢٤ دوبارە هێرشییان کردەوە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سوور.
ئاژانسی هەواڵی روەیتەرز ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ لە زاری سێ سەرچاوەی کەشتیوانییەوە باسی لەوە کرد کە کەشتی ( فلەیبەر زۆگرافیا) بێ ئەوەی باری لەسەر بێت لە دەریای سوورەوە بەرەو باکوورگەشت کردووەو لە لایەن حووسیەکانەوە کراوەتە ئامانج.
هاوکات بە وتەی سەرچاوەیەکی کەشتیوانی یۆنانیش، کەشتی (زۆگرافیا) کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ وڵاتی یۆنان ئەگەڕێتەوە، ٢٤ کەسی لەسەر بووەو لە ڤیەتنامەوە بەرەو ئیسرائیل ڕۆیشتووە.
ئێمبری، کۆمپانیای کارناسی و کارگێڕی دەریاوانی بەریتانی، لەمبارەوە وتوویەتی کە کەشتی فلەیبەر کە کەشتییەکی یۆنانییەو بە ئاڵای وڵاتی ماڵتەوە لە هاتووچۆدا بوو، لە کاتی رەتبوون لە دەریای سوور لە باکووری رۆژئاوای بەندەری ئەلسەلیف لە پارێزگای حەدیدەی یەمەنەوە بە مووشەک کراوەتە ئامانج.
رۆژی دووشەممەش ١٥-١ ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند حووسییەکان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی ئەکرێن بە مووشەکی بالستیکی دژە کەشتی هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئەمریکایی کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە.
سێنتکۆم باسی لەوە کرد ئەم هێرشە کاتژمیر ٤ی دوای نیوەڕۆی دووشەممە بە کاتی یەمەن بووەو زیانی گیانی نەبووە.
وتیشی کە کاتژمیر ٢ی دوانیوەڕۆ بە کاتی یەمەن، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی بخەنە خوارەوە کە بەرەو کەشتییەکی بارهەڵگر هاوێژرابوو.
لەم پەیوەندەدا بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٢-١-٢٠٢٤ دوای چەندجار ئاگادار کردنەوەی حووسییەکان لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیانەوە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر بنکە و شوێنەکانی حووسییەکان و بە پێی ئەو زانیارییانەی کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ٦٠ خاڵ لە ١٦ شوێنی کە لە لایەن حووسییەکانەوە بە کار دەهێنران کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
ئەم هێرشانەی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی دوای ئەوە هات کە حووسییەکان بەردەوام بوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و بازرگانی ئەو ناوچەیان خستبووە مەترسییەوە.
حووسیەکان گرووپێکی چەکداری زەیدی سەر بە ئێرانن و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی ئەکرێن