ئەمریکا بۆ جاری سێیەم بۆردومانی حوسییەکانی کردەوە

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کاربەدەستێکی ئەمەریکی  ڕایگەیاند "لە سێیەم هێرشدا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن  ئەمڕۆ سێسەممە توانرا بنکەیەکی موشەکی دژە کەشتی حوسییەکان تێکبشکێنرێت" هێرشەکەی ئەمریکا دوای ئەوە هات ئێوارەی ئەمڕۆ دوبارە هێرشکرایەوە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە لایەن ئەو گروپەوە کە لە لایەن ئێرانەوە پشگیری دەکرێن.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری کاربەدەستێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند  ئەمشەو ١٦/١/٢٠٢٤  هێزەکانی ئەمریکا لە وڵامی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی یۆنان هێرشی موشەکییان بۆ سەر ئەو گروپە ئەنجام داوەو وتیشی هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر هێرشەکەی ئەمەریکا نییە بەوپێیەی هێشتا ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا نەکراوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدا هات کە حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە موشەکییەیان ڕاگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ  بۆ سەر کەشتی بار هەڵگری بەکۆمەڵی زۆگرافیا لە دەریای سوور ئەنجامیاندا ، کەشتی (زۆگرافیا) کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ وڵاتی یۆنان ئەگەڕێتەوە، ٢٤ کەسی لەسەر بووەو لە ڤیەتنامەوە بەرەو ئیسرائیل ڕۆیشتووە.

ئەم هێرشەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتی زۆگرافیا ئەوە دەردەخات کە سەرەڕای هێرشە گەورەکەی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر گروپەکە لە ڕۆژی هەینیدا کە زیاتر لە 60 ئامانجیان لە 28 شوێنی جیاواز پێکا و بۆردومان کرد، بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور کۆتای نەهاتووە.

سەبارەت بە هێرشەکە وتەبێژی سەربازی حوسییەکان جەنەڕاڵ یەحیا ساری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە دەستەی کەشتییەکە ڕەتیان کردۆتەوە وەڵامی ئاگادارییەکان بدەنەوە کە بۆیان نێردراوە سەبارەت بە گەشتکردنیان بۆ بەندەرێکی ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە کەشتییەکە کەلوپەلی بۆ ئیسرائیل گواستۆتەوە ڕایگەیاند کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆنانیەوە بەڕێوەدەبرێت، هیچ بارێک لەسەر کەشتییەکە نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەرکەوتووە.وتیشی ئەو تیمەی لەسەر کەشتییەکە بوون لە 20 ئۆکرانی و سێ فلیپینی و یەک هاوڵآتی جۆرجی پێکهاتووە.

هاوکات  ئاژانسی Associated Pressیش ڕایگەیاند  کە کەشتی زۆگرافیا هێشتا لە جووڵەدایە دوای هێرشەکەی کراوەتە سەری.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار